وەزیری نەوتی عێراق: ناتوانین بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان بنێرین

1     کاتژمێر پێش ئێستا  167 جار خوێنراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق، بەڵگەیەکی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاودەکاتەوە، کە تێیدا ناردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان رەتکراوەتەوە؛ وەزارەتەکەش هۆکارەکەی بۆ "کەمبوونەوەی یەدەگی ستراتیژی" و "زیادبوونی خواست لە وەرزی هاویندا" دەگەرێنێتەوە.

سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراقی بڵاوکردەوە کە واژۆی باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراقی لەسەرە. نووسراوەکە وەڵامی داواکارییەکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە تێیدا داوای دابینکردنی بەنزینیان کردبوو لە رێگەی پاڵاوتنی 15 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی رۆژانە بە نرخی فەرمی.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە وەڵامەکەیدا سێ هۆکاری سەرەکیی بۆ رەتکردنەوەی داواکەی هەرێمی کوردستان خستووەتە روو، یەکەمیان گۆڕانکارییە "جیۆسیاسیەکان" لە ناوچەکەدا کە کاریگەرییان لەسەر زنجیرەی دابینکردن و بەرهەمهێنان هەبووە، گەیشتن بە لووتکەی بەکارهێنان لە وەرزی هاویندا کە تێیدا ئاستی بەکارهێنانی ناوخۆیی بە شێوەیەکی بێپێشینە بەرزبووەتەوە، هەروەها دابەزینی یەدەگی ستراتیژیی سووتەمەنی بۆ نزمترین ئاستی "مەترسیدار".

سیپان شێروانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی: "ئەمە نووسراو و واژووی وەزیری نەوتی عێراقە، کە دەڵێت ناتوانم بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکانتان بدەمێ، نووسراوەکە هی سێ رۆژ پێش ئێستایە." ئەو پەرلەمانتارە رەخنەی لەوانەش گرتووە کە بەرگری لە وەزیر دەکەن و دەڵێن، هەموو شتێک بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە