وادەی یەکەم باران بارین لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا

1     کاتژمێر پێش ئێستا  175 جار خوێنراوەتەوە

بەپێی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسیی عێراق، گەرما لە سێ پارێزگای باشووری عێراق دەگاتە 50 پلەی سیلیزی، بەڵام لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی نمەباران ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.

مەحموود عەبدوللەتیف، سەرۆکی بەشی کەشناسی لە دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە رووداوی راگەیاندووە، "تا کۆتایی ئەم مانگە پلەی گەرما بە بەرزی دەمێننەوە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی مانگی ئەیلوول گۆڕانکاری بەسەر کەشوهەوادا دێت و پلەکانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەکەن."

سەبارەت بە ئەگەری بارانبارین، مەحموود عەبدوللەتیف دەڵێت، "لە هەفتەی داهاتووەوە ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەری نمەباران و هەورەبروسکە هەیە." ئاماژەی بەوەش کرد کە رێژەی شێ لە ناوچەکانی باشوور روو لە زیادبوون دەکات.

بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 25-8-2026، ئاسمانی هەرێمی کوردستان ساماڵ دەبێت و لە ناوچەکانی خۆرهەڵات نیمچە هەور دەبێت. بۆ سبەی چوارشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات پلەکانی گەرما 1 بۆ 2 پلە نزم ببنەوە.

پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت:

هەولێر: 42 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 41 پلەی سیلیزی
دهۆک: 40 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 41 پلەی سیلیزی

کەشناسیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە سبەی چوارشەممە، پلەی گەرما لە بەغدا دەگاتە 47 پلە، لە کەربەلا و نەجەف و بابل 48 پلە، و لە پارێزگاکانی بەسرە، موسەننا و زیقار بەرزترین پلەی گەرما تۆمار دەکرێت، کە دەگاتە 50 پلەی سیلیزی.

مەحموود عەبدوللەتیف ئەوەشی وتووە، "لە دوای رۆژی شەممەوە پلەی گەرما لە بەغدا نزیکەی 5 پلە دادەبەزێت، هەروەها لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک پلەکانی گەرما بۆ 35 تاوەکو 37 پلە نزم دەبنەوە."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە