ئیلهام ئەحمەد: دەبێت سوریا بە وڵاتی خۆمان بزانین
1 کاتژمێر پێش ئێستا
172 جار خوێنراوەتەوە
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەخت لە بوونی جموجۆڵی دیپلۆماسیی بەردەوام لە نێوان رۆژئاڤا و دیمەشق دەکاتەوە، هاوکات باس لە پرسی زمانی کوردی و تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەتی سووریادا دەکات، هۆشداریش لە دژایەتیکردنی لایەنەکان بۆ ئەم پرۆسەیە دەدات.
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایدەگەیەنێت: جموجۆڵێکی دیپلۆماسیی بەردەوام لەنێوان رۆژئاڤای کوردستان و دیمەشقدا هەیە، هاوکات جەخت دەکاتەوە، کە دەبێت سوریا وەکو وڵات و دەوڵەتی خۆمان ببینن و کار بۆ داهاتووی بکەین.
سەبارەت بە تێکەڵکردنی دەزگا و بەڕێوەبەرایەتییەکانی رۆژئاڤای کوردستان لەگەڵ دەزگاکانی دەوڵەتدا، ئیلهام ئەحمەد وتی: پرسی کوردی کێشەی سەرەکی و بنەڕەتیی گفتوگۆکانە لەگەڵ شامدا و بەبێ چارەسەرکردنی پرسی زمانی کوردی، تەواوبوونی تێکەڵبوونەکە ئەنجام نادرێت.
باسى لەوە کرد: ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە ئەوەیە کە دڵنیایی بدەین لەوەی مافەکانی کورد و دەستکەوتەکانیان لە سوریاى نوێدا دەپارێزرێن.
سەبارەت بە هێرشەکانى ئەم دواییە بۆ سەر ئاوارەکانی سەرێکانی کە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، ئیلهام ئەحمەد وتی: کاتی ئەوە هاتووە کە هەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لە هەمانکاتدا هێرشکردنە سەر ئاوارەکان شتێکی رەتکراوە و قبوڵنەکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو: کە خەڵکانێک یان لایەنێک هەن دژی تێکەڵبوونەکەن و ئەو لایەنە لە پشت ئەو هێرشانەوەن، وتیشى: مەرج و بارودۆخ هەرچۆنێک بن، هێرشکردنە سەر دەزگاکانی دەوڵەت قبوڵکراو نییە.
|