" نزیکەی 3 هەزار و 500 پڕۆژە لە 2014وە وەستاون"
1 کاتژمێر پێش ئێستا
56 جار خوێنراوەتەوە
300 بۆ 400 ملیۆن دۆلار پارەی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتە و بە گوتەی لقەکانی یەکێتییەکە، نزیکەی 3500 پرۆژەیشیان پەکیان کەوتووە.
رزگار جەمال، سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان، بە رووداوی راگەیاندووە، "ساڵی 2014 نزیکەی 3500 پرۆژەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان وەرگرت و هەر لەو ساڵەدا بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە هەموو پرۆژەکان وەستان.
43 ملیار دینار پارەی بەڵێندەرانی پارێزگای هەولێر لای حکومەتە
راستی فازڵ، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "نزیکەی 155 پڕۆژە لە ساڵی 2023ەوە پەکیان کەوتووە و هەر لەو کاتەیشەوە نزیکەی 43 ملیار دیناریان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە."
بە وتەی راستی فازڵ، بە دەیان وەبەرهێنەر مایەپووچ بوون و زەرەری زۆریان کردووە، چونکە ناچاربوون پرۆژەکانیان بەلایەکدا بخەن و بە قەرز تەواوی بکەن.
نزیکەی 1000 پرۆژە لە سلێمانی و هەڵەبجە وەستاون
ئالان کەریم، سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان بە رووداوی وتووە، "لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە پرۆژەکانی هەڵەبجەش لەخۆدەگرێ، نزیکەی 1000 پرۆژە لە ساڵی 2014ەوە بە نیوەچڵی ماونەتەوە."
ئالان کەریم باسی لە بێ هیوایی بەڵێندەران لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان کرد و گوتی: "ئامارێکی وردمان لا نییە کە چەند پارەی بەڵێندەرانی سنووری سلێمانی لای حکومەتە، چونکە وەبەرهێنەران چیدیکە بەدوای پارەکەیانەوە نین و دڵنیا نین لەوەی حکومەت پارەکەیان دەداتەوە."
بەشی زۆری پڕۆژەکانی دهۆک تەواوکران
زیرەک دۆسکی، سەرۆکی لقی دهۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان، رایگەیاند، "بەشێکی ئەو پارەیەی لای حکومەتە پارەی پرۆژەی پێشەکی بەڵێندەرانە کە نزیکەی 185 ملیار دینارە، بەشێکی دیکەی هی پیترۆدۆلارە کە نزیکەی 48 ملیۆن دۆلار و بەشەکەی دیکەیشی هی گەشەپێدان و خزمەتگوزارییە کە نزیکەی 70 ملیۆن دینارە، کە سەرجەمیان نزیکەی 190 ملیۆن دۆلارە."
بە گوتەی زیرەک دۆسکی، بەشی زۆری پرۆژەکان سەرەڕای خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانی بەڵێندەرەکانیان لەلایەن حکومەتەوە، تەواوکران و زۆربەیان پڕۆژەی ساڵی 2023 بوون.
|