ئێران: ئەمریکا توانای دیپلۆماسیی نەماوە و پەنا بۆ گەمارۆ دەبات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
89 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت کە ئەمریکا لە کاتی نەبوونی توانای دیپلۆماسیدا پەنا بۆ گەمارۆی ئابووری دەبات و سیاسەتەکانی واشنتن لەو بوارەدا بە ئالوودەبوونێکی نەخۆشی وەسف دەکات.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڕەخنەی توندی لە هەڵوێست و ڕێکارەکانی واشنتن گرت. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا لەبری گرتنەبەری ڕێگەی عەقڵانییەت و دیپلۆماسی، پشتی بە سزای ئابووری بەستووە و ئەوەشی بە ئاڵوودەبوونێکی نەخۆشی بە سزاکان ناو برد.
بەقایی دووپاتی کردەوە ئەمریکا هەر کاتێک دەزانێت سزاکان بەو ڕادەیە کاریگەرییان لەسەر ئێران نییە، بێ ئەوەی بگاتە هیچ ئەنجامێک، ڕێژەی سزاکان بەرزتر دەکاتەوە. ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بوو بۆ لێدوانەکانی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کە شانازیی بە هەوڵەکانی وڵاتەکەیەوە کردبوو بۆ خنکاندنی ئابووریی ئێران.
تاران پێی وایە سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر ئێران نیشانەی نەبوونی توانای دیپلۆماسییە لە واشنتن. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت کە ئەمریکا لەبری سیاسەت و لۆژیک، گەمارۆی ئابووریی کردووەتە ئامرازی سەرەکیی خۆی.
|