هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا ئاشکرا کران

1     کاتژمێر پێش ئێستا  226 جار خوێنراوەتەوە

دوای پەسەند کردنی پڕۆژەیاسای پرۆسەی چارەسەری لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە، جێبەجێکردنی یاساکە مەرجدارکراوە بە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پە..کە..کە، کە چەندین ڕێکار و قۆناغی دوای خۆی دەگرێتەوە.

هەرچەندە پڕۆژەیاسای پرۆسەی ئاشتی بە دەنگی زیاتر لە دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا، بەڵام تاوەکوو تورکیا دڵنیا نەبێتەوە لەوەی پەکەکە چەکی داناوە و خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، کاری پێ ناکرێت.

بەمەبەستی بەدواداچوون و چاودێریکردنی پرۆسەکەش، لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆمار و ئەندامێتیی وەزیرانی بەرگری و پەروەردە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا پێک دەهێنرێت، لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەیەکی دیکە لە پەرلەمان بە بەشداریی نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان.

لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا لە ڕووی مەیدانییەوە بەوردی چاودێریی ئەو ناوچانە دەکەن کە چەکدارانی پەکەکەی لێیە. هەر کاتێک دڵنیا بوونەوە لەوەی پەکەکە چەکی داناوە و خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی پشتڕاستکردنەوەکە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو دەکاتەوە.

لەو کاتەشەوە ماوەی شەش مانگ دیاری دەکرێت بۆ گەڕانەوەی پەنابەرانی کەمپی مەخموور و ئەو گەریلایانەی کە شەڕیان لە دژی تورکیا نەکردووە و سەربازیان نەکووشتووە. ئەم لێخۆشبوونە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە تۆمەتبارن بە ئەندامبوون یان هاوکاریکردنی پەکەکە، کە بەم هۆیەوە نزیکەی چوار هەزار زیندانیکراو ئازاد دەکرێن و ئاوارەکانی دەرەوەش دەتوانن بگەڕێنەوە.

ئەم پڕۆژەیاسایە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرکردەکانی پەکەکە ناگرێتەوە. هاوکات گەڕانەوەی گەریلاکان بە گرووپ نابێت و بۆ ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵ دەخرێنە ژێر چاودێریی دادوەرییەوە، و لەو ماوەیەشدا بۆیان نییە کاری سیاسی بکەن. ئەگەر پرۆسەکە بەباشی بەڕێوە بچێت، دوای دەستپێکردنی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمان لە مانگی 10ـدا، یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر"، یاسای سزاکان و یاسای جێبەجێکردنی سزاکان هەموار دەکرێنەوە.
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە