یەکەم سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ دیمەشق دوای رووخانی ئەسەد

1     کاتژمێر پێش ئێستا  17 جار خوێنراوەتەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لە کۆشکی گەل، لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە پێشوازیی لێکرا و کۆبوونەوە.

لە پرۆتۆکۆلی پێشوازییەکەدا لە کۆشکی گەل، بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازیی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا. بەر لە گەیشتنەکەش، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتى فەرمیی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا سەردانی دیمەشق دەکات.

لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی سووریا پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاسۆکانی هاريکاریی هاوبەش و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن.

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دیدارەکەی نێچیرڤان بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، چەند زانیارییەکی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵخۆشیی خۆی بۆ ئەو گۆڕانکارییانە دەربڕیوە کە لە سووریا هاتوونەتە ئاراوە.

دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بە راشکاوی باسی پرسی هاوبەشیی ئابووری و ئەمنی لە نێوان هەولێر و دیمەشق کراوە و "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە هاریکار بووە بۆ نزیکبوونەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا، تاوەکو بگەنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش."

وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت و هاریکارە لە پڕۆسەی تێکەڵبوونەوەی هێزەکانی هەسەدە لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا. "ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیری و گەیاندنی ئاستی هاوئاهەنگییەکانە بۆ لووتکە تاوەکو چیدیکە مەترسیی جەنگ لە ناوچەکەدا نەمێنێت."

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە