لەبارەی لابردنی سفرەکانی سەر دیناری عێراقی روونکردنەوە دەدرێت

6   کاتژمێر پێش ئێستا  295 جار خوێنراوەتەوە

راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ لابردنی سفرەکان لەسەر دراوی عێراقی نییە و دەشڵێت، بەهۆی جەنگەوە عێراق 85%ـی داهاتی نەوتی لەدەستداوە، بەڵام یەدەگی دراو و زێڕ سەقامگیرییان پاراستووە.  

مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی دەنگۆی گۆڕانکاری لە دراوی عێراق و لابردنی سفرەکانی بە رووداوی راگەیاندووە: "هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە. ئەمە رێکارێکی تەکنیکیی وردە و پێویستی بە بارودۆخێکی ئابووریی گونجاو و ئامادەکاریی بەرفراوان هەیە لە سیستمە بانکییەکاندا."

سەبارەت بە دۆلار و بازاڕی دراو، راوێژکارەکەی عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، عێراق خاوەنی یەدەگێکی بەهێزە، بەڵام رووداوە سیاسییەکان کاریگەرییان هەبووە و وتی: "جەنگ عێراقی لە 80% بۆ 85%ـی داهاتەکانی بە دراوی بیانی بێبەش کردووە."

مەزهەر محەممەد ساڵح، دڵنیایی دایە فەرمانبەران و مووچەخۆران و رایگەیاند: "هیچ کێشەیەک لە بەردەستبوونی نەختینە بۆ مووچە نییە. بانکی ناوەندی و حکومەت توانای تەواویان هەیە پابەندییە داراییەکانیان بەرامبەر بە فەرمانبەران، خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکەن. ئەو گوشارانەی هەندێکجار دەبینرێن تەنیا پەیوەستن بە بەرێوەبردنی کاش و کاتیین، نەک قەیرانی دارایی."

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بەهۆی تەنگژەی گەرووی هورمزەوە بۆ 10%ـی ئاستی جارانی دابەزیوە، بەڵام یەدەگی دراو و زێڕ وەک قەڵغانێکی بەهێز پارێزگارییان لە بەهای دینار و سەقامگیریی بازاڕ کردووە.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە