پارتی لەبارەی بایکۆتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیار دەدات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
23 جار خوێنراوەتەوە
سەرجەم فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن بگەڕێتەوە نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت: "لە رۆژانی داهاتوودا وەڵامی فەرمیمان دەبێت."
حەسەن مەجید رەشید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ٧ڕۆژی راگەیاند، نوێنەرانی سەرجەم فراکسیۆنەکان بە سەرۆکایەتیی محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەن، سەردانیان کردوون و داوای کۆتاییهێنان بە بایکۆتی پارتییان کردووە.
وتیشی: "داواکەمان گەیاندووەتە سەرکردایەتیی پارتی؛ هەر بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووک بێت دەیدەین. ئێستا لای هەمووان روونە کە بوونی پارتی لە نێو کایەی سیاسی و ئەنجوومەنی پارێزگادا گرنگە و خاوەن سەنگی خۆیەتی."
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت: "گەڕانەوەی برایانمان لە پارتی گرنگە، چونکە بەهۆی نەبوونی ئەوانەوە کەلێن لە لیژنەکانی ئەنجوومەندا دروستبووە."
هاوکات، رەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک فراکسیۆنی هاوپەیمانیی عەرەبی ئاماژەی بەوە کرد پارتی پێگەیەکی نێودەوڵەتی و جەماوەریی بەهێزی هەیە و وتی: "پێویستمان بە بوونی ئەوان هەیە بۆ دەنگدان لەسەر بڕیارەکان؛ ئەوان برای ئێمەن و بە ئومێدی گەڕانەوەیانین."
بەوتەی رەعد ساڵح، لایەنی چاودێریی سەرۆکوەزیرانی عێراق چەندین ئاگادارکردنەوەی ناردووە کە "نائامادەیی پارتی رێکار و ماوەی یاسایی خۆی تێپەڕاندووە" و پێویستە لایەنەکان بگەنە رێککەوتن.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی عەرەبی ئاشکراشی کرد کە 15 رۆژ لەمەوبەر، شاندێکی عەرەبی بە سەرۆکایەتی راکان سەعید و چەند ئەندامێکی دیکە سەردانی بارەگای پارتییان کردووە بۆ هەمان مەبەست.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت. کێشەکان دوای ئەوە دەستیان پێکرد کە شەوی 10-08-2024، نۆ ئەندامی ئەنجوومەن (5 یەکێتی، 3 عەرەب و ئەندامە کریستیانەکە) لە هۆتێل رەشیدی بەغدا کۆبوونەوە و رێبوار تەهایان وەک پارێزگار هەڵبژارد. پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنی تورکمانی و بەشێک لە عەرەبەکان ئەو کۆبوونەوەیەیان بە "نایاسایی" وەسف کرد و لەو کاتەوە پارتی بایکۆتی دانیشتنەکانی کردووە.
|