زانکۆی دهۆک نازناوی پاڵەوانیەتیی فوتساڵی کیا - نیمی بردەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
80 جار خوێنراوەتەوە
دوای رکابەرییەکی بەهێز، تیپی زانکۆی دهۆک بووە پاڵەوانی پاڵەوانیەتیی فوتساڵی زانکۆکانی کوردستان و لە یاریی کۆتایی لە زانکۆی سلێمانی بردەوە.
یاریی کۆتایی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026 لە هۆڵی کۆلیژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی بەرچاو بەڕيوەچوو، تێیدا زانکۆی دهۆک یارییەکەی بە ئەنجامی 6-4 گۆڵ لە زانکۆی سلێمانی بردەوە.
لە کۆتاییشدا بە بەشداریی بەڕێوەبەری گشتی وەرزش سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کیا -نیم محەمەد ئەلزیر، راگرانی کۆلیژی پەروەردەی جەستەیی و پەروەردەی وەرزشی سلێمانی و دهۆک ئەحمەد بەهائەدین و زیاد مەحفوز و سەرپەرشتیاری پاڵەوانیەتییەکە سامان بریفکانی، خەڵات و دیاری بەسەر هەردوو تیپ و دەزگاکانی راگەیاندن دابەشکرا.
پاڵەوان دەچێتە تورکیا
پاڵەوانیەتیی فوتساڵی زانکۆکانی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای کیا -نیم، بریکاری فەرمی کۆمپانیای کیا مۆتۆرۆز لە هەرێمی کوردستان و باکووری عێراق رێکخرا، کە کۆمپانیاکە سپۆنسەری سەرەکییە لە مۆندیالی 2026، هاوکات ئەو تیپەی بووە پاڵەوان، وەک خەڵات گەشتێکی بۆ وڵاتی تورکیا بۆ رێکدەخرێت.
پاڵەوانیەتییەکە بە بەشداریی 20 زانکۆی شارەکانی کوردستان و بە پاڵپشتیی وەزارەتی خوێندنی باڵای کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش ، هەروەها بە هاوکاری کۆلیژە وەرزشییەکان لە زانکۆکانی سەڵاحەدین، سلێمانی و دهۆک بەڕێوەچوو، یارییەکانیش دوو هەفتەی خایاند.
|