وەزارەتی دارایی هەرێم: هاووڵاتیان نزیکەی دوو تریلیۆن دیناری حکومەت قەرزارن
1 کاتژمێر پێش ئێستا
24 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت لە کۆی زیاتر لە چوار تریلیۆن دیناری قەرز و پێشینەی جیاواز کە لە حەوت ساڵدا لە هەرێمی کوردستان دراوەتە هاووڵاتیان، بڕی یەک تریلیۆن و 918 ملیار دیناری نەگەڕێندراوەتەوە و هاووڵاتیان قەرزاری حکومەتن.
لە راپۆرتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی دارایی حەوت ساڵی رابردوو ئامارەکانی قەرز و پێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 بۆ 2025 خراوەتەڕوو و جۆری قەرز و پێشینەکان و سوودمەندان، بڕی قەرزەکان و گەڕاندنەوەیان باس کراوە.
لەو حەوت ساڵەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە چوار تریلیۆن و 77 ملیار دیناری وەک قەرز و پێشینەی جیاواز داوەتە هاووڵاتیانی کوردستان و بەشێک لە قەرزەکە بەر درێژکردنەوە و لێخۆشبوون بە رێژەی 15% کەوتووەو، قەرزە گەڕاوەکە دواى لێخۆشبوونى 15%، دوو تریلیۆن و زیاتر لە 104 ملیار و 834 ملیۆن دینار بووە.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم لەو حەوت ساڵەدا تێکڕای ئەو قەرزەی لای هاووڵاتیان ماوە و نەدراوەتەوە، یەک تریلیۆن و 918 ملیار و 88 ملیۆن دینار بووە، بەو پێیە 47.5%ـی قەرزەکە وەرنەگیراوەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەو حەوت ساڵەدا 227 هەزار و 401 هاووڵاتی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەو قەرزانە سوودمەند بوون و 166 هەزار و 500ـیان قەرزەکەیان گەڕاندووەتەوە.
ئەو قەرز و پێشینانە پێنج جۆرن: پێشینەی خانووبەرە، نیشتەجێکردن، کشتوکاڵ، پیشەسازی وگەشتوگوزار.
|