"لێکۆڵینەوەی کەیسی د. عەبدولـلەتیف بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵانێردراوە"

1     کاتژمێر پێش ئێستا  15 جار خوێنراوەتەوە

زانکۆی سلێمانی دەڵێت، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد، کارەکانی خۆی تەواوکردووە و ئەنجامەکەی رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە بە مەبەستی پەسندکردن.

زانکۆی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی بەرامبەر رای گشتیی ناوەندە ئەکادیمییەکان، لە لیکۆڵینەوە لە (د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد)، زانکۆ کارەکانی خۆی تەواوکرد و پێشنیازە گونجاوەکانی خۆی کە لە بەرژەوەندیی خوێندکاران و ئەکادیمیان دەپارێزێت لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد بە مەبەستی پەسەندکردن".

پێکهێنانی ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیە لەلایەن زانکۆی سلێمانییەوە دوای ئەوە هات، کە زنجیرەیەک تۆماری دەنگی و تێکست لەنێوان کچێک و پیاوێک دا بڵاوکرانەوە و وا ناسێندران کە دەنگ و نووسینی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد بن. دوای بڵاوبوونەوەی دەنگەکانیش، باس لە بوونی چەند کچێکی دیکە لە دۆسیەکەدا کرا.

ژمارەیەک لە خوێندکارانی کچی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان باس لەوە دەکەن، ئەو مامۆستا ئایینییە لە رێگەی ژمارەی تەلەفۆنی خۆیەوە هەراسانی کردوون، داوای وێنەی لێکردوون و "وێنەی نەشیاو"ی بۆ ناردوون. هەر بۆیە سکاڵایەکی زۆر لەسەر د. عەبدوللەتیف تۆمارکراوە.

د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، جیا لەوەی مامۆستای زانکۆیە، وەک رێبەری سەلەفییەکانی کوردستان دەناسرێت. بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییانە کاردانەوەی زۆری لە ناوەندە جیاوازەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە، بەڵام ناوبراو هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە "بووختانە" و دەنگی ئەو نییە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە