جووتیارانی کورد و تورکمان هەڕەشەی داخستنی سایلۆکان و مانگرتن دەکەن

1     کاتژمێر پێش ئێستا  135 جار خوێنراوەتەوە

جارێکی دیکە ناڕەزایەتیی جووتیارانی کورد و تورکمان لە پارێزگای کەرکووک سەری هەڵدایەوە. ئەمڕۆ، ژمارەیەکی زۆر لە جووتیاران لەبەردەم فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک گردبوونەوە و ناڕەزایەتیی تووندیان دژی بڕیارێکی نوێی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانیی عێراق دەربڕی، کە مەترسی لەسەر بژێوی و ڕەنجی ساڵێکیان دروست دەکات.

بەپێی بڕیارە نوێیەکەی بەغدا، ئەو گەنمەی لەسەر ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە بەرهەم هێنراوە کە کێشەی یاساییان لەسەرە (زەوییە دابڕاوەکان)، لە سایلۆکان وەرناگیرێت. ئەم بڕیارە تەنیا لە سنووری پارێزگای کەرکووک زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەوی دەگرێتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ڕەنجی هەزاران خێزان دەفەوتێت.

جووتیارانی ناڕازی ئاماژە بەوە دەکەن ئەم هەنگاوە درێژەپێدەری بڕیارەکانی "مەجلسی قیادە سەورە"ی سەردەمی ڕژێمی بەعسە و ئامانجی سیاسی لەپشتە بۆ سڕینەوەی مافی جووتیارانی ڕەسەنی ناوچەکە.

جووتیاران هۆشداری دەدەن ئەگەر بڕیارەکە هەڵنەوەشێتەوە، هەنگاوی تووندتر دەگرنە بەر نوێنەرانی جووتیاران ڕایانگەیاند: "ئەگەر تا هەفتەی داهاتوو داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێن، دەرگای تەواوی سایلۆکانی کەرکووک دادەخەین و ڕێگە نادەین هیچ بەرهەمێک بچێتە نێو سایلۆکانەوە."

داواکارییە سەرەکییەکان جووتیاران لە چەند خاڵێکدا چڕ دەبنەوە:-

1.هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی بڕیاری وەرنەگرتنی گەنمی زەوییە کێشەلەسەرەکان.
2.کۆتاییهێنان بە کارکردن بە بڕیارە کۆنەکانی سەردەمی بەعس کە دژ بە جووتیارانی کورد و تورکمانن.
3.  یەکسانی لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و پاراستنی مافی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵین.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە