خێرایی ئینتەرنێت لە عێراق زیاد کرا
1 کاتژمێر پێش ئێستا
31 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق خێرایی ئینتەرنێتی بە رێژەی 20% زیادکرد، بێ ئەوەی نرخەکەی بگۆڕێ. بڕیارەکە هۆکار بوو بۆ ئەوەی خێرایی ئینتەرنێتی کۆمپانیایەکی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکە بۆ 50 مێگابایت لە چرکەیەکدا بەرزکرایەوە.
مستەفا جەبار سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەت و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت (وەک ئێیەرسلینک، تۆرۆس، ئای کیو، عێراق سێڵ، رێگەی سورەیا) بڕیاری لەسەر زیادکردنی خێرایی ئینتەرنێتی کێبڵ (FTTH) بۆ هەموو بەشداربووان بە هەمان نرخی پێشوو.
حوسام محەممەد عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندن و زانیاریی کەرکووک، رایگەیاند: "ئەمڕۆ دەستکرا بە جێبەجێکردنی بڕیاری وەزیری گەیاندنی عێراق سەبارەت بە زیادکردنی خێرایی ئینتەرنێت لە کەرکووک. پێشتر خێراییەکە 35 بۆ 40 مێگابایت بوو لە چرکەیەکدا، بەڵام ئێستا بەپێی بڕیارەکە نابێت لە 50 مێگابایت کەمتر بێت و بە هەمان نرخی پێشووە."
بەڕێوەبەری گەیاندنی کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، لە پارێزگاکەدا بورجی ئینتەرنێت نەماوە و لە هەموو گەڕەک و کۆڵانەکان ئینتەرنێتی کێبڵی دابین کراوە؛ وتیشی: "تیمەکانمان بەنێو گەڕەکەکانی پارێزگاکەدا دەگەڕێن تاوەکو بزانین چ شوێنێک ئینتەرنێتی کێبڵی پێنەگەیشتووە تاوەکو بۆی دابین بکەین."
بە وتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندن و زانیاریی کەرکووک، لە پارێزگاکە تەنیا گرێبەستییان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئێیەرسلینک و رێگەی سوورەیا هەیە.
نرخی مانگانەی ئینتەرنێت بۆ بەشداربووان لە 35 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، هەموو کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بە پێشنیازەکەی وەزیر رازی بوون، ئەمەش وادەکات کۆمپانیاکانی فایبەر ئۆپتیک خزمەتگوزارییەکی باشتر و خێراتر پێشکەش بە هاووڵاتیان بکەن.
|