وەزیری تەندروستی: تێچووی بوتڵێک خوێن 160 هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت
2 کاتژمێر پێش ئێستا
177 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تێچووی هەر بوتێڵێک خوێن 160 هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕۆژی جیهانیی خوێنبەخشیندا، ڕایگەیاند، چوار سەنتەری سەرەکیی بانکی خوێن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و چەند سەنتەرێکی لاوەکیش لە ئیدارە سەربەخۆکاندا هەن.
ئاماژەی بەوەشکرد بەردەوام هەزاران بوتڵ خوێنیان بۆ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو ئامادە کردووە. بەپێی ئامارەکان، ساڵانە زیاتر لە 280 هەزار بوتڵ یان یەکەی خوێن (پلازما و خڕۆکەکان) دابین دەکرێت، کە دەکاتە 780 بوتڵ خوێن لە ڕۆژێکدا.
لەبارەی وەرگرتن و دابەشکردنی خوێن، د. سامان بەرزنجی ڕایگەیاند، سەنتەرەکانی بانکی خوێنی حکومەت تاکە سەرچاوەی دابینکردنی خوێنن بۆ هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت، بەشێوەیەک 66%ـی خوێنەکە بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان و 34%ـی بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەکان دابین دەکرێت.
وەزیری تەندرستی ئاماژەی بەوەش کرد لە کەرتی گشتیدا "خوێن بەبێ بەرامبەر دەدرێت و حکومەت سەرجەم خەرجییەکانی تاقیگە، پشکنین و بوتلی خوێن دەگرێتە ئەستۆ، کە تێچووی هەر بوتڵێک زیاتر لە 160 هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت".
|