نێچیرڤان بارزانی و سوپاسالاری عێراق لەسەر چەند تەوەرێک کۆبوونەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
36 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ سوپاسالاری عێراق و شاندی باڵای سەربازیی یاوەری کۆبووەوە.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی ئەو هەوڵانە کردووەتەوە کە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنەوەی هەیە و بە "هەنگاوێکی کاریگەر بۆ بووژانەوەی ئابووری وڵات لە قەڵەمی دان."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەریقی یەکەمی روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەیاندا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "شاندەکە مەبەستی سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان روون کردەوە کە لەسەر راسپاردەی بەڕێز عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە و ئامانجی سەردانەکەشیان راگەیاند، کە بەدواداچوونە بۆ دۆسیەی ئەمنیی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لەپێناو دابینکردنی گەرەنتیی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت."
|