نەوەی نوێ چۆن لە پێکهێنانی حکومەت دوور دەخرێتەوە؟
2 کاتژمێر پێش ئێستا
46 جار خوێنراوەتەوە
ئەگەری پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لە نێوان پارتی و یەکێتی بەرەو نزیک بوونەوە دەچێت، دەنگۆی ئەوەش هەیە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو پرۆسەیە دوور بخرێتەوە.
هەوڵەکان بۆ پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی و پێکەوە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبهێنن.
هاوکات زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن بە هۆی نارازی بوونی پارتییەوە، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم دوور دەخرێتەوە و لەبەرامبەر ئەوەشدا ڕەنگە پارتی دیموکراتی کوردستان، نەرمییەکی زیاتر لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بنوێنێ بۆ ئەوەی ئەم دۆخە تێپەڕێنن.
هەر بەپێی زانیارییەکان دوور خستنەوەی نەوەی نوێ لە پرسی پێکهێنانی حکومەت و ڕێککەوتنی یەکێتی لەگەڵ پارتی، لەکاتێکدایە ئەو جوڵانەوەیە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بوونەتە هاوپەیمان و پێکەوە 38 کورسی پەرلەمانیان هەبوو.
رۆژی ڕابردووش کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی کۆبوویەوەوەو لە بارەی دۆخی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت جەختیان لە دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی کردەوە کە لەڕۆژی جەژنی قورباندا داوای کرد بە زوویی لایەنەکان کۆببنەوەو ناکۆکیەکانیان لەپێناو گەلی کوردستان وەلا بنێن.
نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی بۆڕێککەوتن و پێکهێنانی حکومەتی نوێی کوردستان دوای ململانێیەکی توندی سیاسی دێت لە نێوان ئەو دووحزبەدا و ماوەیەک لەمەوبەریش چەند دەستپێشخەرییەکی ناوخۆیی و دەرەکیش هەبووە بۆ ئەوەی یەکێتیی و پارتی بگەنە ڕێککەوتن و کۆتایی بەم چەقبوستووییە سیاسییە بهێنن.
|