لێدوانی حکومەتی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان

1     کاتژمێر پێش ئێستا  43 جار خوێنراوەتەوە

حکومەتی عێراق دڵنیایی تەواو دەداتە هاووڵاتیان لە بارەی دۆخی ئابووریی وڵات و ڕایدەگەیەنێت پڕۆسەی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بە تەواوەتی زامنکراوە و پێویستی بە هیچ جۆرە چاپکردنێکی نوێی دراو نییە.

حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی فەرمیی حکومەتی عێراق، رایگەیاند بارودۆخی دارایی و نەختینەیی وڵات بە شێوازێکی تەواو ڕێکخراو و لە ژێر چاودێری و هاوکاریی نزیکی نێوان بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی دارایی بەڕێوە دەچێت.

هاوكات جەختیشی کردەوە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە ئاشکراکردنی ناوی ئەو کەسانە ناکات کە تێوەگلاون لە بەهەدەردان یان دزینی پارەی گشتی  و گەندەڵیدا

وتەبێژی حکومەت ڕایگەیاند سەرۆکوەزیران پڕۆژەی "سندوقی گەشەپێدانی عێراق"ی بە قەبارەی ١٠٠ ملیار دۆلار وەک هێڵێکی ستراتیژی گرتووەتە بەر، بە ئامانجی بەدیهێنانی سەقامگیریی دەوڵەت لە ڕێگەی دەروازەی ئابوورییەکی بەرهەمهێنەرەوە.

باسی لەوەش کرد سەردانی داهاتووی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا چەندین دۆسیەی بنەڕەتی لەخۆدەگرێت لە سەرووی هەموویانەوە لایەنی ئابووری و وەبەرهێنانە.

جەختی لەوەشکردەوە  حکوومەت هەوڵ دەدات دڵنیایی ئەمنی بداتە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت تا بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و دەست بە کارەکانیان بکەنەوە چونکە زیادکردنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی زیاتر بۆ دابینکردنی مووچە دەدات.

حەیدەر عەبوودی ئەوەشی ئاشکرا کرد مانگی ئەیلوولی داهاتوو وەک سەقفێکی زەمەنیی دیاریکراو بۆ کۆتاییهێنان بە چەکی بێ مۆڵەت دانراوەو، چەک بە تەواوەتی دەخرێتە ژێر دەستی دەوڵەتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە