ئەمریکا دوو مەرجی سەرەکی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ڕادەگەیەنێت

16   کاتژمێر پێش ئێستا  303 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە دواین پێشهاتی ڕێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران دەڵێت، بەبێ هێنانەدرەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو و کردنەوەی گەرووی هورمزهیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران ناکرێت، دەشڵێت، "بەرامبەر ئێران ئاراممان گرتووە، بەڵام ئەو ئارام گرتنە تەواوبوونی هەیە".

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران هێڵی سووری داناوە، لەوانە هێنانەدەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو و کردنەوەی گەرووی هورمز، بەبێ بەدیهێنانی ئەم دوو خاڵەش بەهیچ جۆرێک ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ناکرێت. هاوکات ئەوەشی وتووە، "بابەتی لەپێشینەی سەرۆکی ئەمریکا، نەگەیشتنی ئێرانە بە چەکی ئەتۆمی".

بێسێنت ئەوەشی ڕاگەیاندووە، سەرۆکی ئەمریکا پێداگری دەکات لەوەی پێویستە ئازادی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز هەبێت و بە ئازادی تێپەڕن. 

بەوتەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، دانوستانەکان بەهێواشی لەگەڵ ئێران بەرەو پێش دەچن، بەڵام دۆناڵد ترەمپ مەبەستیەتی لەگەڵ ئێران بگاتە ڕێککەوتن.

لەبارەی گوشارە ئابوورییەکان، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، گوشارە ئابووریەکان ئێرانیان ناچار کردووە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، هاوکات دەشڵێت، سنووردارکردنی هاتوچۆی ئاسمانی ئێران بابەتی زیارەت بۆ شوێنە پیرۆزەکان یان هەر حاڵەتێکی مرۆیی ناگرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە سکۆت بێسێنت، هەڕەشە لەو وڵاتانە دەکات کە مامەڵە لەگەڵ هێڵی ئاسمانی ئێرانی دەکەن، یان سووتەمەنی بۆ هێڵی فڕۆکەوانی ئەو وڵاتە دابین دەکەن، یانیش ئەو وڵات و کۆمپانیایانەی تکیتی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی ئێرانی دەفرۆشن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە