سەدان ملیۆن دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون تەرخانکرا
2 کاتژمێر پێش ئێستا
337 جار خوێنراوەتەوە
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، ئامادەکارییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون چڕکراونەتەوە و بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ نزیکەی 100 ملیۆن دینار بۆ کڕینی دەرمان تەرخانکراوە.
رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە ڕووداوی رایگەیاند: "ئەم ساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 100 ملیۆن دیناری بۆ هەر یەک لە ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە بۆ کڕینی دەرمان. پارەکەش راستەوخۆ دەدرێتە پارێزگاکان بۆ ئەوەی پرۆسەی کڕینی دەرمانەکان دوانەکەوێ."
بە وتەی رابەر محەممەد، لە ئیدارەی زاخۆ پارەکە تەرخانکراوە و دەرمانەکانیش کڕدراون، لە هەموو پارێزگا و ئیدارەکانی دیکەش دەرمانی پێویست دەکڕدرێ.
لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری وتی: "بەشێکی شۆردن و دەرزی لێدانی ئاژەڵەکانمان لە مانگی رابردووەوە دەستپێکردووە و بەردەوام دەبین تاوەکو هەموو ئاژەڵەکان دەشۆردرێن، چونکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون زیاتر دەبێت."
ئاماژەی بەوەشکرد: "تا ئێستا هیچ تووشبوونێک لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە، بەڵام ئەم رێکارانە وەک ئامادەکاریی پێشوەختەن."
بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و لەسەر داوای وەزارەتی کشتوکاڵ، لە ساڵی 2023ـەوە بڕی 2 ملیار و 700 ملیۆن دینار وەک بودجەی گشتی بۆ کڕینی دەرمان لە کاتی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون تەرخانکراوە. رابەر محەممەد دەڵێ، لەوکاتەوە دەرمانی پێویستیان تاوەکو ئەم ساڵ هەبووە؛ هەروەها باسی لەوەشکرد، داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە دەرمانیان بۆ دابین بکەن، بەڵام ئامادە نەبوون دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکەن.
|