لە چەند رۆژی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوتی عێراق دەستپێدەکاتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
38 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، دوای کردنەوەی گەرووی هورمز، لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکان و کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە پەیوەندیدان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەموو کێڵگەکانی نەوت بۆ ئەو مەبەستە ئامادەن."
ساحب بەزوون، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاند: "پەیوەندیمان بە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کۆمپانیا گەورەکانەوە کردووە بە مەبەستی واژۆکردنی گرێبەست. دەرگا کراوەیە و لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکەینەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد: "سەرجەم کێڵگەکانی نەوت لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق پلانی هەیە بایەخی تەواو بە دەروازە و رێڕەوەکانی دیکەی هەناردەکردن بدات بۆ ئەوەی نەوتی رەش لە رێگەیانەوە هەناردە بکەن.
ساحب بەزوون تیشکی خستە سەر گرنگیی خێراکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردە و جەختیکردەوە: "چەندە پەلە بکەین لە هەناردەکردنەوە بۆ وڵات باشترە، چونکە ئەوە دەبێتەهۆی کۆکردنەوەی داهاتی زۆر بۆ دەوڵەت."
وتیشی ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ داهاتی دارایی نییە، بەڵکو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دەبێت، چونکە "یارمەتیدەر دەبێت لە پڕکردنەوەی پێداویستیی بازاڕی ناوخۆ بۆ گازی شل بۆ ماڵان و گازی سرووشتی کە بۆ بەردەوامبوونی کارکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا زۆر پێویستە."
|