سەنتەری میترۆ: پێویستە جیاوازی نەكرێت لەنێوان هیچ دەزگایەكدا
2 کاتژمێر پێش ئێستا
161 جار خوێنراوەتەوە
سەنتەری میترۆ لەبارەی روماڵكردنی هەوڵی هێرشەكان بۆ سەر هەرێم پەیامێك ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم دەكات و دەڵێت، پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەكان جیاوازی نەكەن لەنێوان هیچ دەزگایەك.
سەنتەری میترۆ لەراگەیەندراوێكدا دەڵێت، "شەوی رابردوو زۆربەی كەناڵەكانی بینراو لەهەرێمی كوردستان روماڵی هێرشە تیرۆریستییەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكرد، بە وریاییەوە مامەڵەیان دەكرد، پابەندبوون بە رینماییەكانی حكومەت لەم جۆرە روماڵە هەستیارانەدا".
ئاماژەی بەوەکرد، "سەنتەری میترۆ دەیان ڤیدۆی لەلایەن هاوڵاتییان پێگەیشتووە داوای راوبۆچوونمان دەكەن، هەروەها رۆژنامەنوسانیش دەپرسن، ئەم جۆرە روماڵە بۆچی بۆ كەناڵێكی مۆر هەبێت و بۆ كەناڵێكی سور و پرتەقاڵی و سەوز و شین و قاوەیی نەبێت، بۆچی پەیامنێرەكەیان لەهەولێر ناتوانێت هەمان جۆری روماڵی پەیامنێرەكەی سلێمانی بكات، بۆ لەوێ رێز لە رێنماییەكان دەگرێت لەسلێمانی پێشێلی دەكات؟"
باسی لەوەشکرد، "لەم بارودۆخە پڕ مەترسی و پڕ لە تەحەدایەدا، پێشینە بۆ ئەمنییەتی هاوڵاتییان و پاراستنی هەرێمی كوردستانە لەهەڕەشەی تیرۆریستان، بۆ ئەمەش داوای ئەوپەڕی دیسپلینی پیشەیی لە رۆژنامەنوسان دەكەین، نیگەرانین لەدوو فاقی راگەیاندن لەگەڵ شوێنی رووداوەکان، كە بێباكن لەبەرامبەر ئەمنییەتی شارێك و روماڵەكانیان ناپیشەیین و بەناوی خستنە رووی زانیاری، كە دەكرێت بەشێوەیەك بڵاوبكرێتەوە، نەبێتە مایەی پەشێوی نائارامی، كەچی بوون بە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی ترس و تۆقاندن".
روونیکردەوە، "پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەكان جیاوازی نەكەن لە نێوان هیچ دەزگایەك، رێنمایی وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان بۆ هەمووان وەك یەك لابێت و سڵ نەكەنەوە لەجێبەجێكردنی رێنماییەكان بەسەر هیچ كەناڵێك".
|