حزبی دیموکرات: پەیامێکی روونمان لە ترەمپەوە بۆ نەهاتووە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  182 جار خوێنراوەتەوە

خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئێمە پەیامێکی زۆر روونمان لە سەرۆکی ئەمریکاوە سەبارەت بە رۆڵی ئێستا و تەنانەت داهاتووشمان لەم شەڕەدا پێنەگەیشتووە" دەشڵێت "ئەگەر ستراتیجیی ئێمە پێویست بکات ئێستا بچینە نێو شەڕەوە، ئەوا دەچین، بەڵام لەم کاتەدا نیازێکی لەو جۆرەمان نییە". 
 
خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران  لە واشنتنی، پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پرێسکۆنفرانسێکدا وەڵامی رۆژنامەوانانی دایەوەو لە وڵامی پرسیارێکی رووداو دا سەبارەت بە داوای مەسعود پزیشکیان لە رۆژی 8ی ئەم مانگەدا بۆ دانوستاندن لەگەڵ پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دا وتی "کۆماری ئیسلامی دەیەوێت سەرنجەکان بەلاڕێدا ببات و، بە خەڵکی ئێران بڵێت، ئەگەر ئێوە بێنە سەر شەقامەکان و ئێمە لە دەسەڵاتدا نەبین، ئەوا ئێران هەڵدەوەشێتەوە و ئێستا سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی لە گەلی کورد دەکات. ئێمە زۆر باش شارەزای ئەم قسانەین و کاریگەرییان نییە".
 
خالید عەزیزی، هەر هەمان رۆژ بە  فۆکس نیوزی وت "پێشتر هەمیشە دەموت دەستپێکردنی جەنگ زۆر ئاسانە، بەڵام کۆتاییپێهێنانی ئاڵۆزتر دەبێ. ئێمە وەک کورد بەشێک نین لەم جەنگە بەردەوامەی لەنێوان ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئێران دەکرێ، بەڵام چەندین ساڵە لە خەباتداین دژی ئەم رژێمە، و زۆرینەی گەلەکەمان و ئەندامانی پارتەکەمان لە کوردستانی ئێران دەژین و ئەوان چەندین ساڵە کەسانی زۆر چالاکن دژی ئەم رژێمە".
 
راشیگەیاند "زۆر باش ئاگاداری کوردستانی ئێرانین و دەزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم رژێمە دەکەین، بەڵام ئێستا و لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، هیچ ویستێکمان نییە بۆ چوونە نێو کوردستانی ئێران، چونکە هێزە زەمینییەکانی ئەم جەنگە پرسێکی سەرەکی نەبووە. ئێمە دەبینین کە ئەمە جەنگێکە لە ئاسمانەوە و دەریاوە لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل دژی رژێمی ئیسلامی. هەربۆیە ئێستا پێشبینی ئەوە ناکەم کە کاتی ئەوە بێت بچینە نێو کوردستانی ئێران بۆ ئەگەری جەنگێکی زەمینی".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە