گرووپێکی عێراقی هێرشی درۆنیی دەکاتە سەر بەحرێن

1     کاتژمێر پێش ئێستا  201 جار خوێنراوەتەوە

گرووپی "ئەسحابولکەهف" کە بەشێکە لە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بەحرێن راگەیاند. حکومەتی بەحرەین دەڵێت، هێرشەکە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ژنێک گیانی لەدەستداوە.
 
گرووپی ئەسحابولکەهف لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشیان کردووەتە سەر "بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا" لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن.
 
گرووپەکە لە پەیامەکەیدا هۆشداری دەداتە خەڵکی سڤییل کە لە ''بنکەکانی ئەمریکا و خۆفرۆشەکان'' دووربکەونەوە و جەختیش دەکاتەوە، هێرشەکانیان "بەردەوام دەبن."
 
وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین رایگەیاند، هێرشەکە "دەستدرێژییەکی ئاشکرای ئێرانە" و باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە مەنامەی پایتەخت کردووەتە ئامانج.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا ژنێکی تەمەن 29 ساڵی ''بەحرەێن''ی گیانی لەدەستداوە و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی جەختی لەسەر پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ کردووەتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە