عێراق و ئیسپانیا داوای كۆبونه‌وه‌ی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەن

2   کاتژمێر پێش ئێستا  51 جار خوێنراوەتەوە

محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و هاوتا ئیسپانییه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامدا و له‌باره‌ی گرژییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گفتوگۆیان كرد،  هەردولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کاربکەن بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێک لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ تاوتوێکردنی کاردانەوەکانی شەڕ و ڕێگاکانی سنوردارکردنی تەشەنەسەندنی ململانێکان.

دەقی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی سودانی:

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، دەربارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە وتووێژێکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ئیسپانیەکەی ئەنجام دەدات

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ دووشەممە، وتووێژێکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا بەڕێز پێدرۆ سانچێز، ئەنجامدا و تێیدا باس لە پەرەسەندنی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و کاردانەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەسەر ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرا و هەروەها کاریگەرییەکانیان لەسەر زنجیرەکانی بڵاوبوونەوەی جیهانی.

هەردوولا جەختیان کردەوە لەسە پێویستی بەهێزکردنی هەماهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی بۆ دەستەبەرکردنی ڕاگرتنی دەستبەجێی پەرەسەندن و کەمکردنەوەی دەرئەنجامەکانیان پێش ئەوەی پەرەبسێنن بۆ کاردانەوەی کۆنترۆڵنەکراو، هەروەها جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەئ کە دیالۆگی بنیاتنەر ڕێگای گونجاوە بۆ گەیشتن بە کەمکردنەوەی کێشەکان و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێکان و پاراستنی سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە مرۆیی و ئابوورییەکانی بە شێوەیەک کە ئاشتی و ئاسایشی جیهانی بپارێزێت.

هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی پێکەوە کاربکەن بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێک لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی کاردانەوەکانی شەڕ و ڕێگاکانی سنووردارکردنی تەشەنەسەندنی ململانێکان.

بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بە بەردەوامی هۆشداری داوە لە مەترسییەکانی پەرەسەندن لە ناوچەکەدا و ڕەنگە ببێتە هۆی پشێوی و ناسەقامگیری، جگە لە هاندانی ئایدۆلۆژیای توندڕەو و سەرهەڵدانی تیرۆر و جەختیشی لەوە کردەوە کە کاردانەوەکانی ئەمە تەنیا لە وڵاتانی ناوچەکەدا سنووردار نابێت، بەڵکو بۆ ئەوروپاش درێژدەبێتەوە و مەترسی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکات.

لای خۆیەوە بەڕێز سانچێز جەختی کردەوە لەسەر گرنگی هەوڵی هاوبەش لە هەموو لایەکەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری دادپەروەرانە و ئاشتیانە بۆ کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکان و کارکردن بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و ستایشی هەڵوێست و هەوڵەکانی عێراقی لەو بارەوە کرد.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە