ئاوارەکانی عەفرین بەرەو زێدی خۆیان دەگەڕێنەوە

3   کاتژمێر پێش ئێستا  44 جار خوێنراوەتەوە

ئاوارەکانی عەفرین پاش هەشت ساڵ لە ئاوارەبوونی ناچاری، ئێستا لە قامیشلۆ نیشتەجێن بەرەو شاری حەسەکە بەڕێدەکەون بۆ ئەوەی لەوێوە بەرەو  زێدی خۆیان لە عەفرین بگەڕێنەوە.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕایانگەیاند، ڕۆژی ٧ـی ئەم مانگە کاروانێکی ئاوارەکان، کە لە نزیکەی ٤٠٠ خێزان پێکهاتبوون بەرەو شارۆچکەکانی شێخ حەدید (شییە) و جندرێس و موباتا (موعبەتلی) بەڕێکەوتوون.

بەپێی زانیارییەکان خێزانە ئاوارەکانی نیشتەجێی قامیشلۆ لە بەرەبەیانییەوە دەستیان بە گەڕانەوە بەرەو حەسەکە کردووە بۆ ئەوەی لەوێ پێکەوە کۆببنەوە و بەرەو عەفرین بگەڕێنەوە.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی ئاوارەکانی عەفرین_شەهبا ئاشکرای کرد؛ نزیکەی ٤٠ پاس و ٧٥ بارهەڵگری جۆری ئینتەر ئامادە کراون بۆ گواستنەوەی خێزانە ئاوارەکان و کەلوپەلەکانیان لە قامیشلۆوە بەرەو حەسەکە و هەندێکی تریش بە ئۆتۆمبیلی تایبەتی خۆیان بەڕێکەوتوون.

سیامەند عەفرینی، جێگری فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەکە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ کورد و دانیشتوانی عەفرین دوای هەشت ساڵ ئاوارەبوونی زۆرەملێ.

وتیشی: کاروانی یەکەم کە لە نزیکەی ٤٠٠ خێزان پێکهاتووە، دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، بەتایبەتی بۆ شارۆچکەکانی شێخ حەدید و جیندێرس و هەندێک لە گوندەکانی دەوروبەریان.

ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆسەی گەڕانەوە بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ  حکومەتی کاتیدا و ئاشکراشی کرد؛ لە ماوەی سێ ڕۆژدا دەروازەیەکی ئەمنیی تایبەت دەکرێتەوە بۆ ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەی کە ماونەتەوە.

جەختیشیکردەوە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بەر لە نەورۆز بۆ سەر ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان لە عەفرین.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە