بارەگای دیموکرات و پارتی ئازادیی کوردستان بۆردوومان کران
8 کاتژمێر پێش ئێستا
31 جار خوێنراوەتەوە
ئەمڕۆ دوو هێرشی جیا کرایە سەر سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر. قایمقامی قەزاکە دەڵێ، هێرشەکان بۆسەر کەمپی ئاشتیی دیموکرات و بارەگای پارتی ئازادیی کوردستان بوون.
حاکم تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە، رایگەیاند: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە شەش درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ئاشتی لە سنوورەکەمان".
هێرشەکە نزیک کاتژمێر 03:15ـی دوای نیوەڕۆ بوو وتیشی: "پێش دەستپێکردنی جەنگ کەمپەکە چۆڵکرا، بۆیە هیچ زیانی گیانی نەبووە".
کەمپی ئاشتی بۆ کەسوکاری پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دروستکراوە.
قایمقامی کۆیە ئاماژەی بە هێرشێکی دیکەی ئەمڕۆ کرد و رایگەیاند: "پێش نیوەڕۆ بە درۆن هێرش کرایە سەر بارەگای پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، بەڵام پێش ئامانجەکە پێشمەرگەکان تەقەیان کرد و درۆنەکە کەوتە خوارەوە".
جاری یەکەم نییە و دوای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران کە ئەمڕۆ حەوت رۆژە بەردەوامە، چەند جارێکی دیکە سنووری قەزای کۆیە بە پاساوی هەبوونی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کراوە.
|