ئێران: هێزەکانمان وەڵامدانەوەی یەکلاییکەرەوەیان دەستپێکردووە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
29 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، زانیاری هەیە هێرشەکان بۆ سەر تاران و شارەکانی دیکە بەردەوام دەبن. ئاماژە بەوەش دەکات، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامدانەوەی یەکلاییکەرەوەی هێرشەکانیان دەستپێکردووە.
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر ژمارەیەک ناوەند لە ئێران دەستیپێکرد.
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت، "ئۆپەراسیۆنە چەوتەکەی ئەمجارەش لە کاتی دانوستاندندا کرا و دووژمن پێیوایە گەلی کۆڵندەری ئێران بەم کارە ترسنۆکانە لە بەرامبەر داواکارییە قێزەونەکانیان خۆبەدەستەوە دەدات."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر کردەوە شەڕەنگێزییەکان وەڵامێکی یەکلاییکەرەوەیان دەستپێکردووە و بەردەوام هاووڵاتیان لە دۆخەکە ئاگادار دەکەینەوە."
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆمەڵێک رێنمایی بۆ خەڵک و دامودەزگاکان دەرکردووە و داوا دەکات، هەموویان پابەندی رێنماییە فەرمییەکان بن.
ئەنجوومەنەکە بە هاووڵاتییان دەڵێ، بە پێی ئەو زانیارییانەی هەن، ئۆپەراسیۆنەکان لە تاران و بەشێک لە شارەکان بەردەوام دەبن، بۆیە تا دەکرێ هاووڵاتییان ئارامیی خۆیان بپارێزن و بچنە ئەو شارانەی کە کەمتر دەکرێ بکرێنە ئامانج.
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاندووە، سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکان لە ئێران تاوەکو بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوی دیکە دادەخرێن، بەڵام بانکەکان لە کارەکانیان بەردەوام دەبن. فەرمانگە حکومییەکانیش بە توانای 50% کار دەکەن.
|