چوارچێوەی هەماهەنگی لە بارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بڕیاری دا

2   کاتژمێر پێش ئێستا  15 جار خوێنراوەتەوە

هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان داوا دەکات لە ماوەیەکی کورتدا دۆسیەی سەرۆکایەتیی کۆمار یەکلا بکرێتەوە و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان گرنگی بەو پێشنیازانە بدەن، کە لە سەردانی ئەم دواییەی شاندەکەیاندا پێشکەشیان کردوون، داواش لە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانێتییەکە دەکات ئازاد بن لە بژارەکانیان بۆ دەنگدان، ئەگەر پارتی و یەکێتی لەسەر یەک بەربژێر رێکنەکەوتن.
  
لە راگەیێنراوێکدا ئەو هاوپەیمانێتییە گرنگیی رێزگرتن لە وادە دەستوورییەکان و پابەندبوون پێوەی، دووپاتکردەوە و داوای کردووە، پرسی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ماوەیەکی کورتدا یەکلا بکرێتەوە.
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "گرنگە برایان لە هەرێمی کوردستان گرنگی بەو پێشنیازانە بدەن، کە شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتی سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ هەرێمی کوردستان پێشکێشی کردبوون، بە شێوەیەک کە رۆڵ ببینێت لە سازان و کۆتاییهێنان بە دۆخی پەککەوتنەکە".
 
چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە پەرلەمانتارەکانی کرد کە ئازاد بن لە بژارەکانیان ئەگەر رێککەوتن لەبارەی یەک کاندید نەکرا بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و دەڵێت: "بەردەوامیی پەککەوتنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەگەڵ قەبارەی ئاڵنگاری سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا ناگونجێت".

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی تایبەت بووە بە گرژییەکانی ناوچەکە، وەک لە راگەیێندراوەکەیاندا هاتووە: "بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێک رەتدەکەینەوە و  داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین ئامادەکاریی زیاتر بکەن و دان بە خۆیاندا بگرن بۆ رێگری لەوەی هیچ پاساوێک بدرێتە دەست بۆ بەئامانجگرتنی عێراق."

بۆ پۆستی سەرۆککۆمار 19 کاندید کێبڕکێ دەکەن، دیارترینیان فوئاد حوسێن، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
 
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە