عەباس عێراقچی: رۆژی هەینی لە مەسقەت لەگەڵ ئەمریکا کۆدەبینەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
17 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، شاندەکانی تاران و واشنتن لە عومان کۆدەبنەوە و دانوستاندنی ئەتۆمی دەکەن.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئێکس نووسی: "وا بڕیارە رۆژی هەینی کاتژمێر 10ـی بەیانی لە مەسقەت لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندنی ئەتۆمی بەڕێوەبچێ."
عێراقچی نووسیویەتی: "سوپاسگوزاری دۆستانی عومان کە هەموو ئامادەکارییەکی پێویستیان کردووە."
ئەمە لەکاتێکدایە، چەند کاتژمێرێک پێش ئەو پۆستە، چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایانگەیاند، پڕۆسەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە بنبەست، "ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن داواکارییەکانی تارانی بۆ گۆڕینی شوێن و شێوازی کۆبوونەوەکە رەتکردەوە."
بەپێی زانیارییەکانی دوو بەرپرسی ئەمریکی کە قسەیان بۆ ئاژانسی ئەکسیۆس کردبوو، "هەردوو وڵات پێشتر رێککەوتبوون رۆژی هەینی لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا کۆببنەوە، بە مەرجێک چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک چاودێر بەشدار بن؛ بەڵام رۆژی سێشەممە، ئێرانییەکان داوایەکی نوێیان پێشکێشکرد بۆ گۆڕینی شوێنی کۆبوونەوەکە بۆ عومان."
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئەکسیۆسی وتووە: "ئێمە بە ئێرانییەکانمان گوت یان لەسەر شێوازە رەسەنەکە (ئیستەنبووڵ و چاودێرەکان) کۆدەبینەوە یان هیچ گفتوگۆیەک ناکەین، ئەوانیش لە وەڵامدا گوتیان: کەواتە هیچ."
ڕۆژی چوارشەممە، ئاژانسی تەسنیم، میدیایەکی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، بڕیارە رۆژی هەینی دانوستاندنی نێوان تاران و واشنتن لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی ئاژانسە ئێرانییەکە دانوستاندنەکان بەشێوەی "ناڕاستەوخۆ" دەبن و تێیدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەى تایبەتى ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرپەرشتی شاندەکان دەکەن.
|