وەزارەتی دارایی هەرێم پەیامێکی توند ئاراستەی بەغدا دەکات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
202 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دارایی هەرێمی پەیامێک ئاراستەی بەغدا دەکات و دەڵێت ناکرێت پرسی مووچەی هەرێم کە مافێکی یاسایی و دەستووری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە ببێتە ئەو بابەتەی بۆ هەر کێشە و قەیرانێکی ئیداری و دارایی خۆیان بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ پەنای بۆ ببەن و بیانەوێت شکستەکانی خۆیانی پێ دابپۆشن.
جەختیش لەوەدەکاتەوە نازانین چ بابەتێک هەیە مووچەی هەرێم بە سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراقەوە ببەستێتەوە ، ئەگەر دابەزینی داهات بخەنە ئەستۆی هەرێم ، ئەی دزی سەدە و دەستکاری پارەی سندوقی چاودێری کۆمەڵایەتی کێ لێی بەرپرسە !.
دەقی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابوورییی هەرێم
ڕۆژی ١١ ی ئەم مانگە لە میانەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق تیایدا میوانداری کرابوو، دوور لە هەموو عورفێکی یاسایی و ئیداری بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری حکومەتى هەرێمی کوردستان بەڕێز عومەر وائیلی هۆکاری کەمی داهاتی دەروازەکانی عێراقی خستووەتە ئەستۆی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک تۆمەت و قسەی بێ بنەمای لەسەر گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و لەدەرەوەی سنوور و بەرپرسیارێتی خۆی قسەی لەسەر بابەتی مووچە و نەوت کردووە، بەپێویستمان زانی لەم چەند خاڵەی خوارەوە وەڵامی بدەینەوە هەتاکو نەتوانن ڕای گشتی و دەسەڵاتی یاسادانان چەواشە بکەن.
١- سەبارە بە دابەزینی داهات لە دەروازە سنوورییەکانی حکومەتی فیدراڵ، بەپێی وتەی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئەگەر ئەو پاشەکشەیە راست بێت بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکارانە:
أ - گەندەڵی ئیداری و دارایی کە خۆیان لە ڕابردوودا بە ئاشکرا ئاماژەیان بە نەبوونی دەسەڵاتی حکومەت کردووە لە بەشێک لەو دەروازانە.
ب- دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ قاچاخچیەکان و بەشێک لەسەرۆک هۆزەکان لە خاڵە سنووریەکان بۆ هێنانە ناوەوەی کاڵا و شمەک دوور لە گومرگی فەرمی و پێناسی گومرگی.
ج - قەبارەی ئەو تەرکیاتانەی کە لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق بۆ بارهەڵگرەکان دەکرێت ئاماژەیە بۆ بوونى گەندەڵییەکی ڕێکخراو.
د -پێشتر لە دەروازە سنووریەکانی حکومەتی فیدڕاڵ گومرگ کردنی کاڵا بە کۆنتێنەر بووە واتە بە شێوەی گۆترە هەرچی لە کۆنتێنەرەکە هەیە بڕێکی دیاریکراوی پارە و گومرگێکی کەمی لێ وەردەگیرا کەچی ئێستا کە بە سیستەم و پێناسەی راستەقینە جێبەجێ دەکرێت و گومرگی بەشێک لە کاڵا و کەل و پەلەکان زیاتر لە سی هێندە زیاد بووە لە کاتێکدا پێویستە ئەو جۆرە بڕیارانە بە بەرنامە و قۆناغ بە قۆناغ بێت.
ه - لە هەموو وڵاتێک وەرزی گومرگی هەیە کە بەپێی کات و مانگ و بەپێی وەرزی پێویستی کاڵا لە ناوخۆ داهاتی گومرگی ڕوو لە نزم بوونەوە و دواتر بەرزبوونەوە دەکات.
هەرچەندە ئەو وتانەی ناوبراو پێچەوانەی لێدوان و چاوپێکەوتنەکانی پێشتریەتی کە ئاماژەی بۆ زیادبوونی داهاتیان کردووە بە ڕێژەی لە ( ١٠٠ ٪ ) ، هۆکاری ئەم زیادبوونەش بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ گومرگ کردن بە حاویە ( کۆنتێنەر ) کە ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ گواستنەوەی لە ( ٥٠٪ تا ٦٠ ٪ ) جموجووڵی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە ساڵی ڕابردوودا.
٢-سەبارەت بەهاوردەکردنی هەر کەل و پەل و کاڵایەک کە لە دەروازە فەرمییەکانی حکومەتی فیدراڵەوە نایەتە ناوەوە و دواتر لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە دێتە ناوەوە، ئەوە تۆمەتێکی بێ بنەمایە و بگرە پێچەوانەکەی لای ئێمە سەلمێنراوە، کە چەندین کاڵا و پێداویستی کە هاتنە ناوەوەیان لە دەروازەکانی هەرێم قەدەغەکراوە بەڵام لەدەروازەکانی عێراق بەئاسانی دێتە ناوەوە و بەقاچاخ دەیهێننەوە هەرێمی کوردستان.
ئەگەر هەر کاڵا و کەل و پەلێک لەدەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بێتە ناوەوە بەهۆی جیاوازی پێناسی گومرگی کەلە هەرێم کەمتر بێت، لەبەرامبەردا نووسینگە گومرگییەکانی بازگەکانی حکومەتی فیدراڵ جیاوازی پێناسە گومرگیەکەی لێ وەردەگرن، ئەو کاتەش زەرەرمەندی سەرەکی بازرگانان دەبن کە ئەوەش پێچەوانەی وتەکانی بەرپرسانی دەروازە سنوورییەکانی عێراقە.
٣-لەسەر بابەتی یەکخستنی پێناسی گومرگی چەندین جار داوامان کردووە و ئامادە بووین بەلیژنە ئەو بابەتە چارەسەر بکەین، بەڵام حکومەتی فیدراڵی لەو بابەتەش جدی نەبوون و نەهاتوونەتە پێش، کە ئەوەش بنەمایەکە بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا) یان هەر سیستەمێکی هاوبەش کە لە داهاتوودا کاری لەسەر بکرێت، لە ڕووی هونەرییشەوە ناکرێت دوو پێناسەی گومرگی جیاواز هەبێت لە ژێر چەتری یەک سیستەمدا، پێشمان وایە جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا) هاوشێوەی پێناسەی گومرگی پێویستی بەگفتوگۆی دوولایەنە هەیە بۆ گەیشتن بەچوارچێوەیەکی کارکردنی هاوبەش لەو بوارەدا.
٤-سەبارەت بەفەرمی ناساندنی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بەهەمان شێوە چەندین جار داواکراوە لەحکومەتی فیدراڵ و دووپاتی دەکەینەوە چۆن پێشتر هاوکاری لیژنە و تیمەکانیان بووین بۆ ناساندن و دانپێدانانی ئەو دەروازانەی کە بەفەرمی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە نەناسێنراون، هەرچەندە ئەوەی ئێوە پێی ئەڵێن نافەرمی لای حکومەتی هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتی تورکیا فەرمین و دانپیانراون و سەرجەم ڕێکارەکانیان بڕیووە.
٥-لەچەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام دەرگای دەروازە و گومرگ و خاڵە سنوورییەکانمان بەڕووی تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە بووە و لەدوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بەشێوەی مەیدانی ئەو تیمانە سەردانی دەروازە سنووریەکانیان کردووە و وردبینییان لەسەرجەم داتا و زانیارییەکانی تایبەت بەداهاتەکان کردووە، هاوکات مانگانە لە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە وردەکاری سەرجەم داهاتەکان بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ خراوەتە ڕوو.
بەڵام حکومەتی فیدراڵ بەردەوام کاری لەسەر دروستکردنی کێشە و ئاستەنگی نوێ کردووە بۆ کەمبوونەوەی داهاتی گومرگ و خاڵە سنوورییەکان، کە خۆی دەبینێتەوە لە دانانی نووسینگەی گومرگی لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەناوەکانی ( ئەلسەد ، چیمەن ، دارەمان )، ئەوەش لە کاتێکدایە لەهیچ وڵاتێکی دنیا نییە لەسەر ڕێگای جووڵەی بازرگانی دەروازەی سنووری و گومرگی تر هەبێت کاڵا و شمەکێکی هاوردەکراو دووجار گومرگ بکرێت، لە دەستوور و یاسای هیچ وڵاتێکیشدا ڕێگە بەو بابەتە نەدراوە، ئەوەش وایکردووە کە چەندین ئاستەنگ و کێشە بۆ هاتووچۆ و جموجوڵی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دروست ببێت ، چونکە لەو نووسینگە گومرگییانە زۆر کات تەنانەت ئەگەر کەل و پەل و کاڵای بازرگانان بەهەمان ڕێژە و بەهای پێناسەی گومرگی عێراق گومرگ کرابێت، بەشێوازی جیا جیا پارەیان لێ وەردەگیرێت و ناچار دەکرێن ڕێڕەوی هاوردەکردنی کەل و پەل و کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم و گەنجینەکانیان بگوازنەوە بۆ پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لەمبارەیەوە ژوورە بازرگانییەکانی هەرێم شایەتی ئەو بابەتەن بە داتاو زانیاری ورد، تا ئەو نووسینگانە دانەنرابوو داهاتی گومرگ و خاڵەسنوورییەکانی هەرێم زۆر لە ئێستا زیاتر بوو، پێشمان وایە دانانی ئەو نووسینگانە سەرچاوەیەکی سەرەکی گەندەڵی دارایی و ئیدارییە کە بوونەتە بەشێک لە گەندەڵی گومرگی و سەرچاوەی وەرگرتنی بەرتیل.
هەر لە وتەکانیدا لەبەردەم پەرلەمانتاران سەرۆکی دەروازە سنورییەکانی عێراق باس لەچەند پرسێک دەکات وەک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و داهاتى نەوتی بەسرە، بەبیر جەنابیان دێنینەوە ناردنی پشکی هەرێم لە بوودجەی عێراق بە یاسا و دەستوور سەلمێنراوە نەک خێر و بەخشین بێت ، ئەوەش لەکاتێکدایە سەرەڕای جێبەجێکردنی هەموو پابەندییەکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەڵام حکومەتی فیدراڵ ماوەی ١٢ ساڵە فشارێکی بەردەوامی خستووەتە سەر قووت و مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەکاتی سەرهەڵدانی شەڕی داعش مووچەی هەرێمتان بڕی، لەکاتێکدا پێشمەرگە شەڕی داعشی دەکرد و مووچەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعشتان بە کۆپتەر دەنارد بەبێ ئەوەی یەک ڕۆژیش دوای بخەن، لەکاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە وڵاتان هاوکارییان بۆ یەکتر دەنارد بەڵام دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ ڕێک لەوکاتەدا کەنرخی نەوت دابەزیبوو جووڵەی بازرگانی و داهاتی ناوخۆ سفربوو مووچەی زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار هاووڵاتی هەرێمی بڕی ، تەنها لە ٧ ساڵی ڕابردوودا لە کۆی نزیکەی ٩٤ ترلیۆن دینار کە پشکی هەرێم بووە تەنها ٣٣ ترلیۆنتان بۆ هەرێم ناردووە کە دەکاتە مووچەی سێ ساڵی هەرێمی کوردستان، لە ١٢ ساڵی ڕابردوو بەبیانووی سیاسی هەر ساڵێک مووچەی چەند مانگێکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانتان نەناردووە، ساڵانی (٢٠١٦-٢٠١٧) هیچ مووچە و هیچ پارەیەکتان بۆ هەرێم نەناردووە و نەجەنابتان و نەڕای گشتی نەیزانی ئەو پارانە چیان لێ هات.
باسی داهاتی نەوتی بەسرە دەکەن بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ، دەوڵەتی عێراق لەسەر نەوتی کەرکوک دامەزراوە کە نەوتی کوردستانە، ئەگەر حکومەتێکی ڕەشید و دادپەروەر هەبووایە پێویست بوو قەرەبووی ماددی و مەعنەوی ئەو تاوانانە بکرایەتەوە کە حکومەت و ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامیان داوە، لەوانە ئەنفال و کیمیاباران و تەعریب و تەرحیل و تەبعیس.
نەک وەک ئەوەی بەرپرسی دەروازە سنوورییەکانی عیراق بە چەواشەکارییەوە دەڵێت هەرێمی کوردستان سوودمەندبووە لە داهاتی نەوتی بەسرە، جێی خۆیەتی بەبیریان بهێنینەوە کاتێک دەوڵەتی عیراق لەسەر نەوتی کەرکوک و کوردستان دەژیا نەوتی بەسڕە هەر بوونی نەبوو، ئێستا کێ قەرزاری کێیە!؟
ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان بەشێوەی سەربەخۆ نەوتی دەفرۆشت و بۆ ماوەی ٢١ مانگ توانی بەبێ بەغداد مووچە بدات و ئیدارەی خەرجی و پێداویستییەکانى خۆى بدات، ئەوە دەسەڵاتدارانی عێراق بوون چاویان بەو پێشکەوتنانەی هەرێم هەڵنەهات و لەڕێی سکاڵاوە فرۆشتنی نەوتی هەرێمیان ڕاگرت، لەهەر ڕێگایەک بۆیان گونجابێت درێغییان نەکردووە بۆ لێدان لە ئابوورى هەرێمی کوردستان وخەڵکەکەی، پشکی هەرێمتان لە ١٧٪ کرد بە١٢،٦٧ ٪ لەکاتێکدا بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە ١٤٪ بوو، دوای سەرژمێریش ١٤،١ ٪ .
ناکرێت پرسی مووچەی هەرێم کە مافێکی یاسایی و دەستووری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە ببێتە ئەو بابەتەی بۆ هەر کێشە و قەیرانێکی ئیداری و دارایی خۆیان بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ پەنای بۆ ببەن و بیانەوێت شکستەکانی خۆیانی پێ دابپۆشن، نازانین چ بابەتێک هەیە مووچەی هەرێم بە سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراقەوە ببەستێتەوە ، ئەگەر دابەزینی داهات بخەنە ئەستۆی هەرێم ، ئەی دزی سەدە و دەستکاری پارەی سندوقی چاودێری کۆمەڵایەتی کێ لێی بەرپرسە !.
پرسی شەفافیەتی داهاتی گومرگ و دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بابەتێکی جێی مزایەدە نییە و ورد و درشتی داهاتی گومرگ و دەروازەکانی هەرێم لەبەردەست وەزارەتی دارایی عێراقدایە ،ئەوەش لە کاتێکدایە بەپێی وتەی وەزیری پێشووی دارایی عێراق کە لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو ( ٩٠٪ ) داهاتی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
لەکۆتایدا ئامادەیی خۆمان بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیانەی سەرەوە دووپات دەکەینەوە و جەختیش دەکەینەوە لەلایەن هەر کەس و لایەن و بەرپرسێکەوە تۆمەتبار بکرێین بە مافی خۆمانی دەزانین ڕێکاری یاسایی بگرینەبەر.
وەزارەتی دارایی و ئابووری
15/1/2026
|