زیاتر لە 4000 کۆمپانیای عێراقی و بیانی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون
3 کاتژمێر پێش ئێستا
34 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایدەگەیێنێت، تا کۆتایی ساڵی 2025، ژمارەی کۆمپانیا تۆمارکراوەکان لە عێراق گەیشتووەتە 94,239 کۆمپانیا و زیاتر لە 5,000 کۆمپانیای بیانییش لە وڵاتەکە کار دەکەن.
محەممەد حەنوون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند، "ژمارەی کۆمپانیا تۆمارکراوەکانی عێراق تاوەکو کۆتایی 2025، گەیشتووەتە 94,239 کۆمپانیا، کە بریتین لە کۆمپانیای سنووردار، پڕۆژەی تاکەکەسی، هاوبەش، بچووک و بەشدار."
بە وتەی محەممەد حەنوون، کۆمپانیا سنووردارەکان زۆربەی کۆمپانیاکان پێکدەهێنن.
راشیگەیاند، "ژمارەی کۆمپانیا بیانییە تۆمارکراو و کاراکان لە عێراق گەیشتووەتە 5,372 کۆمپانیا، کە 3,271 لقی کۆمپانیای بیانی و 2,101 نووسینگەی نوێنەرایەتی لەخۆدەگرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی گرنگیدانی کۆمپانیا بیانییەکان بە بازاڕی عێراق."
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، محەممەد حەنوون وتی، "4,710 کۆمپانیا تۆمار کراون، کە 4,585یان عێراقین و 125یان بیانین، ئەمەش یەکپارچەیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لە رێکخستنی چالاکیی بازرگانیدا بەهێزتر دەکات."
|