قوباد تاڵەبانی: هەرچی زووترە ڕێککەوتن بکرێت لەسەر پێکهێنانی حکومەت
2 کاتژمێر پێش ئێستا
26 جار خوێنراوەتەوە
قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوری مالیکی ڕایگەیاند، پێویستە هەرچی زووە ڕێککەوتن بکرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی داهاتوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەکەی، شاندی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، لە بەغدا لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.
باس لەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی دروستکردنی کۆدەنگی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بۆ ئەوەی حکومەتێکی بەهێز و کارا پێکبهێنرێت کە جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکان بێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رۆڵ و پێگەی مام جەلالی بیرهێناوەتەوە کە چۆن لەپێناو بەرژەوەندی گشتییدا ناوماڵی کورد و هەموو عێراقییەکانی رێکدەخستەوە و بە گرنگی زانی لەم قۆناغەشدا هەمان سیاسەتی مام جەلال، جێبەجێ بکرێت بۆ دروستکردنی کۆدەنگی و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، ئامادەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی هەرچی زووترە ڕێککەوتنێکی تۆکمە و گشتگیر بکرێت لەسەر چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.
|