مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی لەسەر چەند تەوەرێک کۆبوونەوە

3   کاتژمێر پێش ئێستا  125 جار خوێنراوەتەوە

مەسعود بارزانی لە شاری دهۆک لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدە کۆبووەوە. 
 
بەگوێرەی بارەگای بارزانی، له کۆبوونەوەکەدا محەمەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەکەسە و عوسمان بایدەمیر سیاسەتمەداری کوردی باکور و چەند کەسایەتی و بەرپرسی دیکەی رۆژئاوا  بەشداربوون. 
 
بارەگای بارزانی دەڵێت، "سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە هەردوو لایەن بەیەکەوە بەشدارن لە کۆڕبەندی مێپس 2025 لە شاری دهۆک و هەردوولا سوپاسی رۆڵی سەرۆک بارزانیان کرد لە بەرگری لە دۆزی رەوای گەلی کوردستان."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکە بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لەسەر بارودۆخی سووریا و ناوچەکە، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە "پێویستە پرسی کورد بە شێوازێکی دیموکراسیانە و ئاشتیانە لە چوارچێوەی سوریای تازەدا چارەسەر ببێت و هەڵەکانی رابردوو چارەسەر ببن و دووبارە نەبنەوە،سەرۆک بارزانی جەختی لە پشوودرێژی و تەبایی و  یەکریزی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کورد کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە نابێت مافەکانی گەلی کورد پێشێل بکرێت."

 
دەقی راگەیێندراوەکە:
 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات
 
ڕۆژی چوارشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2025 لە شاری دهۆک سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد .
له کۆبوونەوەکەدا کە محەمەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەکەسە و عوسمان بایدەمیر سیاسەتمەداری کوردی باکور و چەند کەسایەتی و بەرپرسی تری ڕۆژئاوا  بەشداربوون، سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە هەردوو لایەن بەیەکەوە بەشدارن لە کۆڕبەندی مێپس 2025 لە شاری دهۆک و هەردوولا سوپاسی رۆڵی سەرۆک بارزانیان کرد لە بەرگری لە دۆزی رەوای گەلی کوردستان، دواتر بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لەسەر بارودۆخی سوریا و ناوچەکە،سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە پرسی کورد بە شێوازێکی دیموکراسیانە و ئاشتیانە لە چوارچێوەی سوریای تازەدا چارەسەر ببێت و هەڵەکانی رابردوو چارەسەر ببن و دووبارە نەبنەوە،سەرۆک بارزانی جەختی لە پشوودرێژی و تەبایی و  یەکریزی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کورد کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە نابێت مافەکانی گەلی کورد پێشێل بکرێت. 
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات سوپاسی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بانگهێشتنامەکەی بۆ کۆڕبەندی مێپس 2025، باسی لە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کرد لە بەرامبەر هەوڵەکانی لەپێناو  نزیکبوونەوە و بەدیهێنانی یەکڕیزی لەنێوان لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها پاڵپشتیەکانی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەرگایان کراوەبوو بۆ حەواندنەوەی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، هەروەها پاڵپشتیەکانی هەرێمی کوردستانی لە تێکشکاندنی تیرۆر بەرز نرخاند.
 مەترسیەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و پشتیوانی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە