عێراق و تورکیا لەبارەی رێککەوتنی نوێی نەوت گفتوگۆکانیان دەستپێکرد
2 کاتژمێر پێش ئێستا
17 جار خوێنراوەتەوە
شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ئەنقەرە لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی وزەو سامانە سرووشتییەکانی تورکیا کۆبووەوە بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆبوونەوەکە بۆ گەیشتن بووە بە رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، رۆژی دووشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2025، لە ئەنقەرە کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیادا بەڕێوەچوو.
لە راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەرانی گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) و کۆمپانیای نەوتی باکوور، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی فەرمانگەکانی توێژینەوە، پلاندانان و بەدواداچوون، چاودێریی ناوخۆیی، یاسایی و ئابووری لە وەزارەت ئامادەبوون.
شاندی عێراقی بە سەرۆکایەتیی باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان بووە و شاندی تورکیاش بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد بەرائەت چۆنکار، بریکاری وەزارەتی وزە و سامانە سرووشتییەکان بووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، "کۆبوونەوەکە گفتوگۆیەکی فراوانی لەبارەی رەشنووسی پێشنیازکراوی رێککەوتنەکە و رێگەکانی پەرەپێدانی هاریکاری لە پڕۆژەکانی کەرتی وزە لەخۆگرت."
هەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەوەی "کەشی گفتوگۆکان ئەرێنی بووە و ئەو لێکتێگەیشتنانەی پێیگەیشتوون، هەنگاوێکی گرنگ پێکدەهێنن بەرەو داڕشتنی رێککەوتنێکی نوێ کە هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر دەکات و بەردەوامیی پرۆسەکانی گواستنەوە و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە ستراتیژییە هاوبەشەکان مسۆگەردەکات."
بە گوێرەی بڕیارێک کە 21ـی تەممووزی 2025 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە، رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاو کە لە ساڵی 1973 لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کراوە، لە 27ـی تەممووزی 2026ـەوە کۆتایی پێدێت.
|