شازادەی سعودیە: دەمانەوێ بچینە رێککەوتنی ئیبراهیمییەوە، بەڵام بەمەرج
2 کاتژمێر پێش ئێستا
26 جار خوێنراوەتەوە
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە ئەمریکا رایگەیاند، ریاز دەیەوێ بەشێک بێت لە رێککەوتنی ئیبراهیمی بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە پێویستە "رێڕۆیەکی روون بەرەو چارەسەری دوو دەوڵەت" مسۆگەر بکرێ. ترەمپیش وتی، "وەڵامی ئەرێنی" لە محەممەد بن سەلمان وەرگرتووە.
رۆژی سێشەممە 18-11-2025 محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە.
لەکاتی گەیشتنی بە کۆشکی سپی، ترەمپ بە نمایشێکی سەربازیی تایبەت و فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا پێشوازی لە محەممەد بن سەلمان کرد.
مەرجی سعودیە بۆ رێککەوتنی ئیبراهیمی:
محەممەد بن سەلمان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری چوونە نێو رێککەوتنی ئیبراهیمی و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل رایگەیاند: "دەمانەوێ بەشێک بین لە بانگەوازەکە، بەڵام دەمانەوێ دڵنیابین لەوەی کە رێڕۆیەکی روون بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت [لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستین] مسۆگەر دەکەین."
محەممەد بن سەلمان وتی، لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، "گفتوگۆیەکی باش"یان لەسەر بابەتەکە کردووە و رایگەیاند: "لەسەر ئەوە کاردەکەین کە دڵنیابین لەوەی بتوانین لە نزیکترین کاتدا دۆخێکی گونجاو بۆ ئەوە ئامادە بکەین."
ترەمپ بە خێرایی قسەکانی محەممەد بن سەلمانی بڕی و وتی: "نامەوێ وشەی بەڵێن بەکاربێنم، بەڵام گفتوگۆیەکی زۆر باشمان لەبارەی رێککەوتنی ئیبراهیمی کرد. باسمان لە چارەسەری یەک دەوڵەت و دوو دەوڵەت کرد." ترەمپ گوتی، وەڵامی "ئەرێنی"ـی لە محەممەد بن سەلمان وەرگرتووە و رایگەیاند، زیاتر لەسەر بابەتەکە گفتوگۆ دەکەن.
شازادەی جێنشینی سعودیە هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "ئێمە ئاشتیمان بۆ ئیسرائیلییەکان دەوێ؛ ئاشتیمان بۆ فەلەستینییەکانیش دەوێ؛ دەمانەوێ ئەوان بە ئاشتی لە ناوچەکەدا پێکەوە بژین."
نەتەنیاهوو چەندین جار بەڕوونی دژایەتیی خۆی بۆ بە دەوڵەت ناساندنی فەلەستین دووپات کردووەتەوە.
ئیمارات، بەحرێن و مەغریب لە ساڵی 2020 پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل دروستکرد و چوونە نێو رێککەوتنی ئیبراهیمەوە.
پێشوازیی شاهانە، فرۆشتنی ئێف 35 و بەڵێنی یەک تریلیۆن دۆلار
ترەمپ پێشوازییەکی گەورەی لە محەممەد بن سەلمان کرد. لە نمایشێکدا کە تێیدا سوارچاکانی سوپا و فڕۆکەی جەنگیی ئێف35 بەشدارییان کرد، ترەمپ جەختی لە پەیوەندیی پتەوی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بەم زووانە فڕۆکەی ئێف 35 بە ریاز دەفرۆشێت و هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیسرائیلی بە "هاوپەیمانی گەورە" ناوبرد. ترەمپ وتی: "پێموایە هەردووکیان لە ئاستێکدان کە شایستەی باشترین ئێف 35 بن."
لە بواری ئابوورییدا، محەممەد بن سەلمان بەڵێنێکی گەورەی دا و رایگەیاند، وەبەرهێنانی 600 ملیار دۆلاریی پێشووی سعودیە کە لە ئایاری ئەم ساڵ بەڵێنی دابوو، بۆ نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار بەرزدەکاتەوە.
ترەمپ بە روویەکی گەشاوەوە داوای لێکرد ژمارەکە پشتڕاست بکاتەوە، محەممەد بن سەلمانیش وەڵامی دایەوە: "بە دڵنیاییەوە."
"بن لادن ویستی پەیوەندییەکانمان تێکبدا"
رۆژنامەوانێک لە کۆشکی سپی لە پرسیارێکیدا بۆ محەممەد بن سەلمان رایگەیاند: "ئەو کەسانەی ئەندامی خێزانیان لە هێرشەکەی 11ـی ئەیلوولی 2001ـی قاعیدە لە نیویۆرک لەدەستداوە، زۆر تووڕەن کە تۆ لێرە دەبینن. بۆچی ئەمریکییەکان متمانە بە تۆ بکەن؟"
محەممەد بن سەلمان ئاماژەی بەوەوکرد: "سەبارەت بە خێزانەکانی [هێرشەکەی] 11ـی ئەیلوول، هەست بە ئازار دەکەم، بەڵام دەبێت سەرنجمان لەسەر واقیع بێت؛ واقیعێک کە پشت بە بەڵگەنامەکانی سی ئای ئەی و چەندین بەڵگەنامەی زۆر دەبەستێت، کە ئوسامە بن لادن خەڵکی سعودیەی لەو رووداوەدا بۆ یەک مەبەستی سەرەکی بەکارهێنا، ئەویش تێکدانی ئەم پەیوەندییەیە، تێکدانی پەیوەندیی ئەمریکی-سعودی. ئەوە مەبەستی 11ـی ئەیلوول بوو."
شازادەی جێنشینی سعودیە وتی، هەرکەسێک باوەڕ بەو قسەیە بکات کە رۆژنامەوانەکە کردی، "مانای وایە یارمەتیی مەبەستەکەی ئوسامە بن لادن دەدات بۆ تێکدانی ئەم پەیوەندییە."
هەر لەبارەی هێرشەکە و رێکخراوی قاعیدە، محەممەد بن سەلمان وتیشی: "ئەو دەیزانی کە پەیوەندیی بەهێزی نێوان ئەمریکا و سعودیە دژی پەڕگیری و تیرۆرە. بۆیە ئێمە دەبێت بیسەلمێنین کە ئەو هەڵەیە و پەیوەندیی خۆمان بنیات بنێین، بەردەوام بین لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکەمان."
دۆسیەی خاشقچی
لە دیدارەکەدا، دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشقچی، رۆژنامەوانی سعودی، لە ساڵی 2018دا هێنرایە بەرباس.
ترەمپ بەرگری لە محەممەد بن سەلمان کرد و وتی "شتانێک روویاندا" و رۆژنامەوانە کوژراوەکەی بە "کەسێکی زۆر مشتومڕاوی" ناوبرد.
محەممەد بن سەلمان کوشتنی خاشقچی بە "هەڵەیەکی گەورە" ناوبرد و جەختی کردەوە کە بە تەواوی لێکۆڵینەوە لەو بابەتە لێکراوە.
رۆژی 02-10-2018 جەمال خاشقچی، رۆژنامەوانی سعودی چووە نێو کۆنسووڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبووڵ. بەگوێرەی داواکاری گشتیی تورکیا، چەند بریکارێکی سعودی چوونە ژوورەوە و خنکاندیان، دواتر جەستەیان پارچەپارچە کرد.
|