مەسعود بارزانی بۆ خەڵکی سلێمانی: شایستەی پێشكەوتن و پێشەنگین

12   کاتژمێر پێش ئێستا  50 جار خوێنراوەتەوە

مەسعود بارزانی دەڵێت، "لە یادی 241 ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانیدا پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی، شاری شێخی نەمر و شاری هەڵمەت و قوربانی دەكەم".

مەسعود بارزانی ئەمڕۆ هەینی، 13-11-2025، پەیامەکەی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەدا هاتووە، "سلێمانی بەشی ئازیزی كوردستانە، شاری شەهیدانی 9ی حوزەیران و مەنعە تەجەوەلەكەی 1963 و شاری بەگژداچوونەوەی ستەمكار و زۆردار و رژێمە یەك لەدوای یەكەكانە.

دەشڵێت سلێمانی وەك هەر شار و دەڤەرێكی دیکەی كوردستان هەمیشە شوێنی هەڵكەوتنی ئەدیب و شاعیر و كەسایەتی و تێكۆشەر و شۆڕشگێڕانی كورد بووە و رۆڵی گەورەی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا گێڕاوە".

ئاماژە بەوە دەکات، "لە سەرەتای چلەكانی سەدەی بیستەمدا شاری سلێمانی بە هەموو چین و توێژەكانیەوە باوەشی گەرمی بۆ بارزانیی نەمر و بارزانییە دوورخراوەكان كردەوە، ئەو رێز و پێشوازییە هەرگیز لەبیر ناچێتەوە".

بارزانی راشیگەیاندووە، "لەو یادەدا هیوای ئارامی و ئاسوودەیی بۆ خەڵكی خۆشەویستی شاری سلێمانی دەخوازم و شایستەی هەموو جۆرێک لە پێشكەوتن و پێشەنگین".

13ی 11ی 1784 بە رۆژی دامەزراندنی شاری سلێمانی دیاریکراوە و ئەمڕۆ 241 ساڵ بەسەر بنیاتنانیدا تێدەپەڕێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە