وته‌بێژی پارتی: مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌گۆڕین
1 کاتژمێر پێش ئێستا
17 جار خوێنراوەتەوە
وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق، شێوازی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان جیاواز ده‌بێت له‌وه‌ی پێش هه‌ڵبژاردن هه‌مان بو.
مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، پارتی شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان جیاواز ده‌بێت له‌و شێوازه‌ی كه پێش هه‌ڵبژاردن ڕایگه‌یاندبو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
مه‌حمود محه‌مه‌د وتیشی، "خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان داب‌و بۆئه‌وه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌ت پێكبهێنرێت و ده‌بێت ئومێدی خه‌ڵكی كوردستان بێته دی، ده‌بێت ده‌ستور جێبه‌جێ بكرێت كه مادده‌ی 140 و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دیكه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت و مافی خه‌ڵكی كوردستانن و ده‌بێت هه‌مویان به‌یه‌كه‌وه جێبه‌جێ بكرێن و هیچی دیكه قبوڵ ناكه‌ین هه‌ندێك مادده‌ی ده‌ستوری جێبه‌جێبكرێت و هه‌ندێكی پێشێل بكرێت".
وته‌بێژی پارتی له‌باره‌ی پێكهێنانی هاوپه‌یمانی له‌ناو په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرایكرد، "هاوپه‌یمانی سه‌خت نابێت ئه‌گه‌ر عه‌قلییه‌تی هه‌مو لایه‌نێك بگاته ئه‌وه‌ی له‌مه‌ودوا عێراق ته‌نیا به لایه‌نێكی دیاریكراوی نه‌ته‌ته‌وه‌یی یاخود مه‌زهه‌بی به‌ڕێوه‌ناچێت، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌مو لایه‌نه ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بییه‌كان به‌یه‌كه‌وه عێراق به‌ڕێوه‌ببه‌ن چونكه ئه‌زمونی حوكمی تاكلایه‌نه پێشتر شكستی هێناوه".
له میانه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی حزبه‌كه‌یدا، رۆژی هه‌ینی رابردو، مەسعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی لە میانەی وتارەكەیدا هۆشداری بە یەكێتیدا و وتی، "ئەو هەلومەرجەی پێش هەڵبژاردن هەبو بۆ پێكهێنانی حكومەت، رەنگە دوای هەڵبژاردن ئەو هەلومەرجە وەكو خۆی نەمێنێت و ناشمێنێت".
|