مه‌سرور بارزانی بۆ هاوڵاتیان: دور له‌ هه‌مو فشارێك ده‌نگ بده‌ن

2   کاتژمێر پێش ئێستا  6 جار خوێنراوەتەوە

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌په‌یامێكدا داوا له‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ن و به‌ ویستی خۆیان و دور له‌ هه‌مو فشارێك ده‌نگ بده‌ن. 

به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ بنكه‌یه‌كی پیرمام له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر ده‌نگیدا و داوای له‌ هاوڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان كرد، بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و به‌ ویستی خۆیان بڕیار و ده‌نگی خۆیان بده‌ن. 

مه‌سرور بارزانی راشیگه‌یاند، "ئه‌مڕۆ ڕۆژی بڕیاری خه‌ڵكه‌، هیوادارم خه‌ڵك بتوانێت له‌ كه‌شێكی ئارام و ئازاددا به‌ ئاره‌زوی خۆیان، دور له‌ هه‌مو فشارێك ده‌نگی خۆیان بده‌ن و خه‌ڵكێكی دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ر بنێرن بۆ په‌رله‌مانی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌ مافه‌كانی ئه‌وان و مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی خه‌ڵك بكه‌ن".

له‌ لێدوانه‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، " بڕیاری ئه‌مڕۆی خه‌ڵك ڕێڕه‌و و شێوازیی حوكمڕانی چوار ساڵی داهاتو دیاریده‌كات و هیواخوازین كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق "به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ تا دوایی و كۆتایی پڕۆسه‌كه‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگی ده‌نگده‌ران بكات".

كاتژمێر 7:00ی به‌یانی ئه‌مڕۆ ده‌نگدانی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ سه‌رانسه‌ری سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكرد و نزیكه‌ی  21 ملیۆن و 404 هه‌زار و 291 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە