نێچیرڤان بارزانی: له‌دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه قۆناغێكی نوێ ده‌ستپێده‌كات
2 کاتژمێر پێش ئێستا
22 جار خوێنراوەتەوە
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌دوای به‌شداریكردنی له پرۆسه‌ی ده‌نگدان ڕایگه‌یاند، پرۆسه‌ی ده‌نگدان پرۆسه‌یه‌كی گرنگه و پێموایه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه یه‌كێكه له گرنگترین هه‌ڵبژاردنه‌كان كه تا ئێستا له عێراق كرابێت و ده‌شڵێت، "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ره‌تایه‌كی نوێ له قۆناغی ده‌ستوری عێراق ده‌ستپێده‌كات".
نێچیرڤان بارزانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له بنكه‌یه‌كی تایبه‌ت له هۆتێل رۆتانای شاری هه‌ولێر ده‌نگیدا و دواتریش له لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند، "له دوای ساڵی 2005 و ئه‌و قۆناغانه‌ی به‌سه‌ر عێراقدا هات، ئێمه هیوادارین ئه‌م هه‌ڵبژاردنه سه‌ره‌تایه‌كی نوێ بێت بۆ عێراقێكی دیموكراتی فیدراڵ، كه هه‌مو پێكهاته‌كان له چوارچێوه‌ی عێراقدا به هه‌مو ماف و ده‌ستكه‌وته‌كانیان بگه‌ن".
وتیشی، بابه‌تی ده‌نگدان مافه و به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌شه، هیوادارم هه‌مو كه‌سێك له عێراق ئه‌م بابه‌ته به گرنگ سه‌یر بكات، له كاتێكدا عێراق كه‌وتوه‌ته سه‌ر ڕێچكه‌یه‌كی دیموكراسی، گرنگه هاوڵاتییانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به ئه‌ركی خۆیان هه‌ستن و به‌ره‌و سندوقه‌كانی ده‌نگدان بڕۆن.
له لێدوانه‌كه‌یدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌شكرد، "هیوادارم ئه‌م هه‌ڵبژاردنه سه‌ره‌تایه‌كی نوێ بێت بۆ هه‌مو عێراق، گه‌لی عێراق شیاسته‌ی ژیانێكی باشتر و ڕۆژێكی باشترن له ژیانیاندا، من هیوادارم خزمه‌تگوزاری باشتر پێشكه‌شی گه‌لی عێراق بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێكی باشتر بژین"، جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ره‌تایه‌كی نوێ ده‌ستپێده‌كات له قۆناغی ده‌ستوری عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته زامنی ئارامی ئه‌منیی هه‌مو گه‌لی عێراق، ئێمه پێمان وایه ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌كی نوێیه بۆ ده‌ستور".
كاتژمێر 7:00ی به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، هه‌شت هه‌زار و 703 بنكه‌ی ده‌نگدان كه له 39 هه‌زار و 285 وێستگه پێكدێن به‌ڕوی ده‌نگده‌رانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرانه‌وه و 21 ملیۆن و 404 هه‌زار و 291 كه‌س كه رێژه‌ی 73%ی ئه‌و كه‌سانه ده‌كات و مافی ده‌نگدانیان هه‌یه، كارتی ده‌نگدانیان وه‌رگرتۆته‌وه ده‌توانن بچنه وێستگه‌كان و به‌شداری له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا بكه‌ن، له‌و ژماره‌یه‌ش سێ ملیۆن و 68 هەزار و 411 دەنگدەر لە سنوری هەرێمی کوردستاندان.
|