مەسرور بارزانی رێگەی دووسایدی حاجی ئۆمەرانی کردەوە
8 کاتژمێر پێش ئێستا
52 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رێگەی دووسایدی حاجی ئۆمەرانی کردەوەو رایگەیاند، هیوادارن ئەو پڕۆژەیە ببێتە بەشێک لە پڕۆژەی دووسایدی چۆمان-حاجی ئۆمەران.
مەسرور بارزانی دوای کردنەوەی رێگەی دووسایدی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، "زۆر خۆشحاڵم سەردانی حاجی ئۆمەران دەکەم کە سەردەمێک پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول بوو، شوێنەواری بارزانی نەمرە. شوێنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە کە ئێمە ئێستا بەرهەمی دەستی ئەوان دەبینین و لە سایەی زەحمەتی ئەوان ئێستا کوردستانێکی ئازادمان هەیە".
وتیشی، "جێی دڵخۆشییە کە لێرەین بۆ کردنەوەی بەشێک لەو رێگەیە کە بەشێوەیەکی سەردەمیانە و رێکوپێک دروستکراوە و خراوەتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییان. بێگومان خەڵکی ئەم دەڤەرە شایەنی خزمەتی زۆر لەوە زیاترن، ئەوەی لە دەستی حکومەت بێت بەپێی توانا لە خزمەتتان دەبین و پەرە بە گەشەسەندن و پێشخستنی وڵاتەکەمان دەدەین".
درێژیی رێگەکە 2.5 کیلۆمەترە و تێچووەکەی زیاتر لە 35 ملیار دینارە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی گرنگیی ئەو ناوچەیەی کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێرە شوێنێکی گرنگە، چونکە دەروازەیەکیشە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێویستە بۆ ئێمە گرنگی بەو پەیوەندییانە بدەین و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییانیش بکەین و لەڕووی بازرگانیشەوە بۆ ئێمە گرنگە کە پەرە بە بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بدەین".
دواتر مەسرور بارزانی قسەی بۆ رۆژنامەوانان کرد و رایگەیاند، ئومێدەوارن ئەو پڕۆژەیە ببێتە بەشێک لە پڕۆژەی دووسایدی چۆمان-حاجی ئۆمەران.
مەسرور بارزانی راشیگەیاند، ئەو پڕۆژەیە بەشێکە لەو پڕۆژانەی حکومەت هەیەتی بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو شوێنێک لە هەرێمی کوردستان. گوتیشی، "ئێرە سەخت و دوورە، بەڵام رێگەیەکی نێودەوڵەتییە کە پێویست بوو ئێمە گرنگی بەو شوێنانە بدەین".
باسی لەوەش کرد، "ئەمە بەشێکە لەو پلانانەی بۆ سۆران بەشێوەیەکی گشتی هەمانە. دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەم کە توانیویانە ئەم پڕۆژەیە بەشێوەی زۆر باش دروستبکەن، بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانە، شتی دیکەش لەڕێیە، بەڵام با ئەوانیش دروستبکرێن".
|