ئیسرائیل هێرشی کردەوە سەر غەززە و 70 کەس شەهید و بریندار بوون

10   کاتژمێر پێش ئێستا  180 جار خوێنراوەتەوە

دوای ئەوەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی سێشەممە فەرمانی بە سوپا کرد هێرشی چڕ بکاتەوە سەر کەرتی غەززە، بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، ئیسرائیل لانیکەم پێنج هێرشی ئاسمانیی کردووەو بەهۆیانەوە نزیەی 20 کەس شەهید و 50 کەس لە کەرتی غەززە بریندار بوون. ئەمەش دوای ئەوە هات، کە ئیسرائیل حەماسی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد، بە رادەستکردنەوەی پاشماوەی رووفاتێکی کۆن. لە وەڵامدا حەماس رایگەیاند، رادەستکردنەوەی پاشماوەی بارمتەیەکی دیکە دوادەخات.
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت "دوای راوێژی ئەمنی، سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو رێنمایی سوپای کرد دەستبەجێ هێرشی بەهێز بکاتەوە سەر غەززە."
 
دەستبەجێ دوای فەرمانەکە، بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، ئیسرائیل "سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەست، لانیەکەم سێ هێرشی ئاسمانیی" کردووەتە سەر کەرتەکە و دواتر کوژرانی دوو کەسی لە هێرشێکدا بۆ سەر شاری غەززە پشتڕاستکردەوە.
 
حەماس: رادەستکردنەوە رادەگرین
 
لە بەرامبەردا، باڵی سەربازیی حەماس لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت "بەهۆی پێشێلکارییەکانی داگیرکەرەوە، ئەو رادەستکردنەوەیەی بڕیاربوو ئەمڕۆ بکرێت، دوایدەخەین." هەروەها هۆشداری دا کە هەر  تووندوتیژییەک لەلایەن ئیسرائیلەوە، "رێگری لە پرۆسەی گەڕان، هەڵکەندن و دۆزینەوەی تەرمەکان دەکات."
 
گرژییەکان دوای ئەوە سەریانهەڵدا کە حەماس درەنگی شەوی دووشەممە رایگەیاند، 16ـەمین تەرمی رادەستکردووەتەوە، بەڵام نووسینگەی نەتەنیاهوو رایگەیاند، پشکنینی دادپزیشکیی ئیسرائیل دەریخستووە، کە حەماس لە راستیدا پاشماوەی بەشێکی تەرمی ئۆفیر تزارفاتی رادەستکردووە، کە تەرمەکەی نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر گەڕێندرابووەوە بۆ ئیسرائیل.
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو ئەمەی بە "پێشێلکارییەکی روونی رێککەوتنەکە" وەسفکرد.
 
شۆش بێدرۆسیان، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل، حەماسی بە شانۆگەریی دۆزینەوەی پاشماوەکان تۆمەتبار کرد و گوتی: "دەتوانم ئەمڕۆ بۆتانی پشتڕاست بکەمەوە، کە دوێنێ حەماس چاڵێکی هەڵکەندووە، پاشماوەکانی ئۆفیری تێدا داناوە، دووبارە بە خۆڵ دایپۆشیوەتەوە و رادەستی خاچی سووری کردووە."
 
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی و بەڵێنیدا کە گرووپەکە "باجێکی قورس" دەدات.
 
کاتس وتی، "هێرشەکەی ئەمڕۆی حەماس بۆ سەر سەربازانی سوپای ئیسرائیل لە غەززە، بەزاندنی هێڵێکی سووری روونە، کە سوپای ئیسرائیل بە هێزێکی گەورە وەڵامی دەداتەوە."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە