دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

14   کاتژمێر پێش ئێستا  83 جار خوێنراوەتەوە

دابەشکردنی نەوتی ماڵان بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێدەکات و ئەمڕۆ لە ناحیەی وەرتێ دابەش دەکرێت.
 
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ رایگەیاند، "لە ئەمڕۆوە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکەین، کە لە بەنزینخانەیەکەوە 200 لیتری بە 103 هەزار و 500 دینار دەدرێتە هاونیشتمانیان."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، ئەم ساڵ هاوشێوەی ساڵی رابردوو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نەوت دابەش دەکرێت.
 
بڕیارە لە پارێزگای سلێمانی دابەشکردنی نەوت لە قەزای پێنجوێن و دەوروبەری دەستپێبکات
 
هێمن ئیبراهیم، قایمقامی پێنجوێن بە ٧ڕۆژی وت، "چاوەڕوانین لە داهاتوویەکی نزیکدا نەوت بگات، بەڵام تاوەکو ئێستا رۆژی دابەشکردنمان بەدەست نەگەیشتووە."
 
لەبارەی دهۆکیشەوە، کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی دهۆک وتی، "ئامادەکاری کراوە و لەم هەفتەیەدا نەوت دابەش دەکەین."
 
هەڵەبجەش چاوەڕوانی نەوتە لە سلێمانییەوە بۆی بنێردرێت. سمکۆ سالار، قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە رایگەیاند، "لە سنوورەکەمان نەوت دابەش دەکرێت و بۆ دەستپێکردنەکەش چاوەڕوانی ئەو گرێبەستەین وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکان دەیکات بۆ گەیشتنی نەوتەکە."
 
بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەم ساڵ دابەشکردنی نەوت دواکەوتووە، چونکە پار دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو لە 12ی ئەیلوولەوە دەستیپێکرد.
 
بۆ وەرگرتنی نەوت، هەرێمی کوردستان دابەشی سەر سێ زۆن کراوە: ناوچە شاخاوییەکان 320 هەزار خێزان، ناوچەکانی دەوروبەر 340 بۆ 345 هەزار خێزان و سەنتەری شارەکانیش 625 هەزار خێزانن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە