سودانی بڕیارێکی لە بەرژەوەندی بارهەڵگرەکانی هەرێمی کوردستان دەرکرد
1 کاتژمێر پێش ئێستا
17 جار خوێنراوەتەوە
دوای خۆپێشاندانی شۆفێرانی بارهەڵگر لە دژی رێکارە ئەمنییەکانی بازگەکان، سوودانی چەند بڕیار و راسپاردەیەکی دەرکرد. نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، وەزارەتی ناوخۆ رێگە بە تێپەڕبوونی ئەو بارهەڵگرانە دەدات کە لە هەرێمی کوردستانەوە دێن و بەرهەمی نێوخۆییان بارکردووە، بەبێ پشکنینی سۆنار.
ئەو بڕیارەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لەم دواییانەدا رووبەڕوویان بوونەتەوە.
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تاوتوێی ئەو راسپاردانە کراوە کە لەلایەن تیمی چاکسازیی گومرگییەوە ئامادە کراون. بڕیارە رۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەک بۆ گفتوگۆکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنیان بەڕێوەبچێت، کە ئامانج لێی "چارەسەرکردنی کێشەی جووڵەی بارهەڵگرەکانە لە دەروازە سنوورییەکان، نووسینگەکانی گومرگ و بازگەکان."
ئەو راسپاردانەی دەرکراون ئەمانەن:
1- راسپاردنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ کاراکردنی وێستگەکانی کێشکردن لەسەر رێگە سەرەکییەکان و دەروازەی شارەکان، دابینکردنی تەرازووی زیرەک، کاراکردنی پارەدانی ئەلیکترۆنی بۆ کرێ و سزا داراییەکان و پەسەندکردنی بڕوانامەی پێوانەکردن کە لە وەزارەتی نەوتەوە دەردەچێت.
2- نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەسەڵات دەداتە دەستەی دەروازە سنوورییەکان بۆ راگرتنی ئەو بارهەڵگرە سەرپێچیکارانە و سنووردارکردنی تۆمارکردنیان لە فۆرمی بەرهەمی نێوخۆیی، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی ئەو بارهەڵگرانەی گواستنەوەی مادەی قەدەخەکراویان لەسەر ساخ دەبێتەوە.
3- وەزارەتی ناوخۆ رێگە بە تێپەڕبوونی ئەو بارهەڵگرانە دەدات کە لە هەرێمی کوردستانەوە دێن و بەرهەمی نێوخۆییان بارکردووە، بەبێ پشکنینی سۆنار.
4- وەزارەتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان، ئەو پڕۆژە و کارگانە پابەند دەکەن کە لە پلاتفۆرمی بەرهەمی نێوخۆییدا تۆمارکراون، بە دانانی نیشانەی بازرگانی.
5- دەستەی دەروازە سنوورییەکان رێگری لە مانەوەی بارهەڵگرەکان دەکات بە شەو لە گۆڕەپانەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە وڵاتانی دراوسێ و پێویستە رێکارەکانیان لە ماوەی (24) کاژێردا تەواو بکرێت.
6- دەستەی گشتیی گومرگ لە ژوورەکانی کۆنترۆڵی ئامێرەکانی سۆنار لە نووسینگەکانی گومرگ ئامادە دەبێت بۆ تۆمارکردنی حاڵەتە گوماناوییەکان.
7- وەزارەتی گواستنەوە، بەڵگەنامەی رادەستکردنی کۆتایی کاڵا کە دەدرێتە بارهەڵگرەکان لە دەروازە سنوورییەکان، وەکو بەڵگەنامەیەکی فەرمی پەسند دەکات.
8- فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رێگە بە هاتووچۆی بارهەڵگرەکان دەدات لە رێگەی نێوان (نوخەیب - رێگەی خێرای نێودەوڵەتی) بە درێژایی 24 کاژێر.
9- وەزارەتی نەوت هەر دوو رۆژ جارێک، بڕی (250 لیتر) گاز بۆ بارهەڵگری گەڵابە دابین دەکات.
چەند رۆژێکە شۆفێرانی بارهەڵگر لە سەرانسەری عێراقدا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە مامەڵەی بازگەکان، گواستنەوەی کەلوپەل و کاڵایان راگرتووە و مۆڵەتیان داوەتە حکومەت تاوەکو رێگەچارەیەک بۆ کێشەکەیان بدۆزێتەوە.
|