پەیامێک لە ئەمریکاوە لەبارەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە

3   کاتژمێر پێش ئێستا  152 جار خوێنراوەتەوە

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، "ئەمریکا و ھەرێمی کوردستان جەخت لەسەر پابەندبوونیان بە ھەوڵەکانی چاکسازی لە ھێزەکانی پێشمەرگە دا دەکەنەوە".

لەسەر پرسی چاکسازیی لە هێزەکانی پێشمەرگە و هەماهەنگیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەی بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا و ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵسەنگاندنی بەرەوپێشچوونەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ساڵی 2022 بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر پابەندبوونیان بە ھەوڵەکانی چاکسازی لە ھێزەکانی پێشمەرگەدا  کردەوە.

 کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بڵاوی کردووەتەوە: وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بەشداریی کرد لە کۆبوونەوەی بەرپرسە باڵاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵسەنگاندنی بەرەوپێشچوونەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ساڵی 2022.

بەشداربووان بە بەرەوپێشچوونەکانی چاکسازیی پێشمەرگەدا چوونەوە و بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ھەموو خاڵەکانی یاداشتەکە بە ئامانجی دروستکردنی ھێزێکی سەربازیی پیشەیی و یەکگرتوو و لەسەر ھەنگاوەکانی داھاتوو ڕێککەوتن.

ھەردوولا دووبارە جەختیان لەسەر پابەندبوونیان بە ھەوڵەکانی چاکسازی لە ھێزەکانی پێشمەرگەدا کردەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگیریی ھەرێمی کوردستان دەکات کە ناوچەیەکی سەلامەت و پارێزراو و گەشەسەندووتر دروست دەکەن بۆ ھەمووان.

هاوکات ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕێککەوتی 15ی 9  مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پێشمەرگەی کرد، بۆ بەدواداچوونی ڕێکار و هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سێ بڕیاری گرنگی لە بەرژەوەندی پێشمەرگە دا کە ئەمانەن: 

یەکەم: بۆ یەکەمجار بڕیار درا تەنها یەک یەکەی دارایی هاوبەشی پێشمەرگە هەبێت. دەبێت هەموو یەکە ژمێریارییەکان یەک بخرێن و بکرێنە یەک یەکە، ئەویش لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی کوردستان بێت.

دووەم: بڕیاری ڕێکخستنەوەی پێکهاتە و پەیکەربەندیی هێزەکانی پێشمەرگە دراوە بە جۆرێک لەگەڵ چاکسازییەکانی حکومەت بگونجێت.

سێیەم: ئاسانکاریی بکرێت بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی پێشمەرگە خانەنشینکراوەکان و پێویستە بەرژەوەندیی پێشمەرگە لەبەرچاو بگیرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە