غەززە دەسووتێت، ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرکردنی هەڵکردووە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  19 جار خوێنراوەتەوە

بە بەرچاوی جیهانەوە شارەکانی غەززە وێران دەکرێن و دەسوتێندرێن و لەسەر زەویی دەسڕدرێنەوە، هاووڵاتیانی غەززە بە گەوەرەو بچوک و ژن و منداڵەوە، برسی و شەهید دەکرین کەچی یەک وڵاتی موسوڵمان نیە هەنگاوێکی کرداری بۆ پشتیوانییان بنێت. تەنانەت لوتکەی وڵاتانی عەرەبیش جگە ئیدانەکردن هیچ هەوڵێکی تازەیان پێ نەبووە.

لە تازەترین لێدوانیدا یسرائیل کاتز، وەزیری جەنگی ئیسرائیل، ڕایگەیاند "غەززە دەسووتێت"، سوپای ئیسرائیلیش بەتەواوی لە ژێرخانی بزووتنەوەی حەماس دەدات و ئەمریکاش بە فەرمی پشتیوانی داگیرکردنی غەززەیە و دەڵێت حەمـ*ـاس ماوەیەکی زۆر کورتی هەیە بۆ قبوڵکردنی ئاگربەست

یسرائیل کاتز، وەزیری جەنگی ئیسرائیل رایگەیاند سوپای وڵاتەکەی بۆ ڕەخساندنی زەمینە بۆ ڕزگارکردنی بارمتەکان و شکستپێهێنانی بزووتنەوەی حەماس هەموو جۆرە خەباتێک دەکات، جەختی لەوەشکردەوە ، هێزەکانی ئیسرائیل پاشەکشە ناکەن تا ئەرکەکەیان لە غەززە تەواو نەبێت.

هاوکات مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هۆشداریدا لەوەی بزوتنەوەی حەماس دەرفەتێكی زۆر کورتی لەبەردەمدایە بۆ قبوڵکردنی رێککەوتنی ئاگربەست، ئەوەش لە کاتێکدایە ئیسرائیل بۆردومانی شاری غەززەی چڕتر کردۆتەوە.

روبیۆ، لەکاتی بەجێهێشتنی ئیسرائیل بەرەو قەتەر، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: ئیسرائیلییەکان لە غەززە دەستیان بە چالاکی سەربازی کردووە، بۆیە پێمان وایە دەرفەتێكی زۆر کورتمان هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، چەند مانگێک نیە، چەند رۆژێك یان چەند هەفتەیەك ماوە.

وتیشی: بژاردەی یەکەممان ئەوەیە ئەم قەیرانە لە ڕێگەی دانوستانەوە کۆتایی پێبێت کە تێیدا حەماس بڵێت چەکەکانمان دادەنێین و، چیتر نابینە هەڕەشە.

دوێنێ‌ روبیۆ لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە قودس کۆبووەوە، پشتیوانی خۆی بۆ هێرشی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە دەربڕی، كە ئامانجە راگەیەندراوەکەی بۆ لەناوبردنی حەماسە.

هاوكات شایەتحاڵەكان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە: لە ئێستادا غەززە لەژێر بۆردومانێكی قورسی سوپای ئیسرائیلدایە و بەشێوەک بۆردومانی دەکات کە دەنگی تەقینەوەکان لە ناو تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیلەوە دەبیسترێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە