نزیكەی دوو ملیۆن كەس لە بەشەخۆراكی مانگانەی عیراق لادەبرێن

14   کاتژمێر پێش ئێستا  251 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عیراق دەست بە پڕۆسەی بە ئەلیكترۆنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان دەكات و لە مانگی ئابی داهاتووەوە  لە  10 پارێزگای عیراق كاری پێدەكرێت و بەڕێوەبەری گشتی پلاندانانی وەزارەتەش دەڵێت: "یەك ملیۆن و 850 هەزار كەس لە عیراق ناویان لە كارتی بەشەخۆراكی مانگانە لابراوە بەهۆی دووبارەبوونەوە، مردن، یان گەشتكردنەوە" .

تالیب حەسەن  نیعمە بەڕێوەبەری گشتی بەشی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی عیراق دەڵێت: "بەهۆی پڕۆسەی  بەئەلیكترۆنیكردنی فۆڕمی خۆراكەوە ناوی ساختە و دووبارە، مردوو یان گەشتیار لە 10 پارێزگای عیراق لابراون كە 1 ملیۆن و 850 هەزار كەسن".

وتیشی "تائێستا  34.5 ملیۆن كەس داتاكانیان نوێكردووەتەوە،  لە كۆی 42 ملیۆن كەس كە لە سیستمی بەشەخۆراكی مانگانەدا تۆماركراون و كارت  بۆ ئەو هاووڵاتیانەی ماون، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ دەردەكرێت".

لەمانگی ئابی ئەمساڵەوە  هاووڵاتیانی تۆماركراو لە پارێزگاكانی بەغدا، میسان، دیوانیە، واست، سەڵاحەدین، ئەنبار، دیالە، موسەننا، بابل، و كەركوك بەسیستمی فۆڕمی ئەلیكترۆنی بەشە خۆراك وەردەگرن.

بەڕێوەبەری گشتی بەشی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی عیراق دەڵێت: "ئەو پارێزگایانەی ماون لە چوارچیوەی فراوانكردنی پڕۆسەكەدان، بەپێی ئامانجی وەزارەتی بازرگانی بڕیارە لە چارەكی كۆتایی ئەمساڵدا  بەئەلیكترۆنیكردنەكە تەواوبكرێت و  تائێستا رێژەكە گەیشتووەتە 85%.".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە