ترهمپ 30% باج بهسهر عێراق و ژمارهیهك وڵات دهسهپێنێت
5 کاتژمێر پێش ئێستا
94 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکی فەرمیدا کە بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی ناردووە دەنووسێت، ئەمریکا لە 1ـی ئابی 2025ـەوە، پێناسی گومرگی بەڕێژەی 30% بەسەر هەر بەرهەمێکی عێراقی دا دەسەپێنێت، کە رەوانەی ئەمریکا دەکرێت.
لە نامەکەدا کە رۆژی 9ـی تەممووزی 2025 دەرچووە و واژۆی دۆناڵد ترەمپی لەسەرە، هاتووە: "شەرەفێکی گەورەیە ئەم نامەیەتان بۆ دەنێرم، چونکە هێز و پابەندبوونی پەیوەندییە بازرگانییەکانمان نیشان دەدات، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا کورتهێنانێکی بازرگانیی بەرچاوی لەگەڵ وڵاتەکەتاندا هەیە."
ترەمپ هۆکاری بڕیارەکە بۆ "کورتهێنانی بازرگانیی درێژخایەن و بەردەوام" دەگەڕێنێتەوە کە بەهۆی "پێناس و رێگرییە بازرگانییەکانی عێراقەوە" دروست بووە.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا، ترەمپ هەڕەشەیەکی دیکە دەکات و دەڵێت: "ئەگەر بە هەر هۆکارێک بڕیار بدەن پێناسەکانتان بەرز بکەنەوە، ئەوا هەر ژمارەیەک هەڵیبژێرن، دەخرێتە سەر ئەو 30%ـەی کە ئێمە دامانناوە."
سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم کورتهێنانە "هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئابووری و ئاسایشی نیشتمانیی" ویلایەتە یەکگرتووەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ دەرگایەکی بۆ لێخۆشبوون هێشتووەتەوە و دەڵێت: "هیچ پێناسێک لەسەر عێراق نامێنێت ئەگەر کۆمپانیاکان بڕیار بدەن لەنێو خاکی ئەمریکادا بەرهەم دروست بکەن یان کارگە بکەنەوە" و بەڵێنی داوە "لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا" رەزامەندیی خێرا و پیشەییانە بۆ ئەو پڕۆژانە دابین بکەن.
لە کۆتایی نامەکەیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، "رەنگە ئەم پێناسانە بەرەو سەرەوە یان خوارەوە دەستکاری بکرێن، ئەمەش پشت بە پەیوەندیی نێوانمان دەبەستێت" و نووسیویەتی: "هیچ کاتێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نائومێد نابن."
|