"هیچ جموجووڵێکی نائاسایی لە ناوچە جێناکۆکەکاندا نەبووە"

5   کاتژمێر پێش ئێستا  195 جار خوێنراوەتەوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لە جموجووڵی نائاسایی سوپای عێراق، حەشدی شەعبی و پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکانی نێوان هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە دەکەن.

لیوا سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، "هیچ جموجووڵێکی تاکلایەنە و نائاسایی لە کفری، کەرکووک و هیچکام لە ناوچەکانی سەر بە ئیدارەی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان نەبووە."

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق وتی، "دۆخەکە زۆر ئاساییە، جموجووڵە سنووردارەکانیش پەیوەندییان بە هیچ دۆخێکی دیاریکراوەوە نەبووە و بە هاوئاهەنگی بوون؛ سوپا و حەشدی شەعبی و پێشمەرگەش لە شوێنی ئاسایی خۆیاندا جێگیرن."

هاوکات شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە بەردەوامن کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هاوبەشدان، هاوئاهەنگیی هاوبەشیش هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی داهاتوو.

هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هیچ جموجووڵێک لە شوێنی ئێستای یەکەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری، حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگەدا نییە؛ هاوئاهەنگییەکی باڵاش لەنێوان هێزە فیدراڵییەکان و یەکەکانی پێشمەرگە لە سەرجەم میحوەرەکاندا هەیە، ئاڵنگارییە هەنووکەییەکانیش پێویستیان بە هاوئاهەنگی و هاوکاریی هاوبەشە."

شانەی راگەیاندنی ئەمنی داوا لە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن دەکات، لەکاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەمنیدا وریا بن و پشت بە سەرچاوەی راستەقینە و باوەڕپێکراو ببەستن، دەڵێت، "هەواڵی ناڕاست بڵاونەکەنەوە، بەتایبەتی لەم هەلومەرجەدا کە پێویستی بە هاودەنگیی کۆمەڵایەتی و پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانە لە هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری لە وڵاتدا."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە