ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی مووچەوە چی دەڵێت؟
14 کاتژمێر پێش ئێستا
315 جار خوێنراوەتەوە
٧ڕۆژ ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و خاڵی ناکۆکی نێوان بەغدا و هەرێم ئاشکرا دەکات
سەرچاوەیەکی باڵای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ٧ڕۆژی ڕاگەیاند لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا نزیکبوونەوەو ڕێککەونی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای سۆمۆ تاوتوێ کراوەو ئاماژە بەوەکراوە شاندی هەرێم لە بەغدا توانیویانە ڕیککەوتن لە گەڵ کۆمپانیای سۆمۆ بکەن بۆ هەناردە کردنەوەی نەوتی کوردستان.
سەرچاوەکەی ٧ڕۆژ ئەوەشی ئاشکرا کرد ئەوەی بۆتە گرفت و خاڵی ناکۆکی نێوانیان ئەوەیە بەغدا داوای تەواوی نەوتی کوردستان دەکات بەو بەشەیشی کە بۆ ناوخۆی هەرێم و کارەبای کوردستان تەرخان کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ گرەنتییەک بە هەرێم نادات کە ئەو بەشەی بۆ کارەباو پێویستیە ناوخۆییەکان بەکاردەهێندرێت رەوانەی بکاتەوە ئەوەش مەترسی گران بوونی نەوت و کارەبا و بەنزین لە کوردستان دروست دەکات،
سەبارەت بە چارەسەر نەبوون و رەوانە نەکردنی پارەی مووچە، سەرچاوەکەی ٧ڕۆژ رایگەیاند ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی ئەو پرسە سیاسییەو لە جێگایەکی دیکەوە دەبێت بڕیاری لەبارەوە بدرێت و ئیعازێکی سیاسیی بۆ رەوانە کردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بدرێت.
هاوکات بە پێی زانیارییەکان هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە شاندی نوێ بۆ بەغدا نەنێرێت تا ئەو کاتە بەغدا داوا دەکات و وەڵامی پێشنیاەکانی شاندی هەرێم دەدەنەوە.
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان بەڕێوەچوو بە گوێرەی کارنامەکە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجامى کۆبوونەوەکانى رۆژانى 29ـى حوزەیران تاوەکو 1ـى تەممووزی نێوان شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و شاندى حکومەتى فیدراڵى بە ئامادەبوونى نوێنەرى کۆمپانیاکانی نەوت سەبارەت بە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگاى کۆمپانیاى سۆمۆوە تاوتوێ کراوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەدواداچوون بۆ خەرجکردنى مووچەى هەردوو مانگى ئایار و حوزەیرانى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان کرا.
لە بڕگەى دووەمى کۆبوونەوەکەدا راپۆرتى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى، بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى سەبارەت بە خانەنشینى و دەستەبەرى کۆمەڵایەتیى کرێکارانى هەرێمى کوردستان خرانە ڕوو
|